جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: داعش توانای ھێرشی فراوانی نەماوە

ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستانی داعش خراونەتە ئامادەباشییەوە و جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش رایده‌گه‌ێنێت، زانیارییان ھەیە لەبارەی جووڵەی داعش و توانای ھێرشی بەرفراوانی نەماوە.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، رایده‌گه‌ێنێت: لە سنووری میحوەری دوو کە ناوچەی قۆری چای و پەلکانە و غەرە دەگرێتەوە، داعش ھەمیشە بارەگا و جووڵەی ھەیە، لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی فراوانە و بۆشاییی ئەمنیی ھەیە، واتە لەڕووی جوگرافییەوە شوێنەکە گونجاوە بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش تێیدا بمێننەوە و جووڵە بکەن و بەھۆی گونجاویی شوێنەکەوە چەکدارانی داعش خۆیان حەشار داوە و زۆر نزیکیش ببنەوە نایانبینی.

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ده‌شڵێت: لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە پێشمەرگە کشایەوە و تیرۆرستانی داعش لەو سنوورە جێگیر بوون، داعش ھێزی ھێرشی بەرفراوانی نەماوە، بەڵام تیرۆریستان دێن لە دوورەوە لە ڕێگەی دووربینی حەرارییەوە پێشمەرگە دەکەنە ئامانج، کەمتەرخەمییش ھەیە لەلایەن پێشمەرگەوە، چونکە پێویستە خۆیان دەرنەخەن لەنێو سەنگەر بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی قەناس بەدەستەکانی داعش.

لیوا قارەمان شێخ کەمال ئاماژە بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: لەو ھێرشانەی چەند شەوی ڕابردوو کرانە سەر ھەردوو لیوای پێنج و نۆ، ھەمان تاکتیک بەکار ھێنرابوو، لە دوورەوە پێشمەرگەیان کردووەتە ئامانج، ئەمانە زیاتر ھێرشی گەورە نین، بەڵکوو بە مەفرەزەی بچووک خۆیان دەگەیەننە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە و تەقە دەکەن، جگە لەوە داعش ئەو ھێزەی جارانی نەماوە کە ھێرش بکاتە سەر پێشمەرگە، ئەوەی دەکرێت کردەوەی تیرۆریستییە.

Back to top button