سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا دەکات

 

نێچیرڤان بارزانی : “بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی بە پێویست و گرنگ زانی”.

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە میخائیل بەگدانۆڤ نێردەی تایبەتی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئه‌فریقا و جێگری وەزیری دەرەی رووسیا کرد

لە دیداری نێوانیدا بۆگدانۆڤ ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و خواستى رووسیای بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ هەریەکە لە تاران، بەغدا و هەولێر خستەڕوو

هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای تاوتوێكردنی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ عێراق، له‌ باره‌ی رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌، رایگه‌یاند، پێویستە کورد لە چوارچێوەی سووریادا کێشەی خۆی چارەسەر بکات.

سەبارەت بە ڕەوشی ئیستای عێراق ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا دۆخی عێراقیان تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سەر رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر عێراقیش هەیە و جێی بایەخی رووسیان، له‌وانه‌ ره‌وشی سووریا.

 

له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لە عێراق بەشێک دەبێت لە چارەسەر و بەشێک نابێت لە کێشەکان.

 

گوتیشی: چاوەڕێی ئەوەین لایەنە شیعییەکان ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چارەسەر بکەن تا دواتر بە پێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان پرۆسەی دامەزراندنی حکوومەت دەست پێ بکات.

 

دەربارەی دۆخی سووریاش نێچیرڤان بارزانی روونی کردەوە، هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان روون بووە، کە پێویستە کورد لە چوارچێوەی سووریادا کێشەی خۆی چارەسەر بکات و بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی بە پێویست و گرنگ زانی.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا باسیان لە لیژنەی هاوبەشی عێراقی – رووسی کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگە هەرێمی کوردستان لەو لیژنەیە سوودمەند بێت. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش تێگەیشتنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و هێزە جیهانییەکان بە پێویست زانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە بە تەنیا هێز و لایەنێک چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو بۆ ئەم مەبەستە هاوکاریی هەمەلایەنە پێویستە و هەردوولا کۆک بوون کە داعش هێشتا لە عێراق و سووریا و ناوچەکە هەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینەیە.

 

دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌

Back to top button