سەرۆكی حكوومەت بەتەلەفۆن سەرەخۆشی لە كەسوكاری حەفت پێشمەرگەی شەهید دەكات
مەسرور بارزانى سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئه‌مشه‌و هه‌ينى 3-12-2021 لە ڕێگەى پەیوەندیى تەلەفۆنیەوە پرسە و سەرخۆشى لە کەسوکاری حەفت پێشمەرگە شەهیدەكەی دوێنێ شەو كرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەردانی ماڵی بەشێك لە شەهیدانی كرد.
ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر به‌نوێنه‌رایه‌تى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و بەیاوەرى کوێستان ئەحمەد قایمقامى قەزای خەبات، لەهەریەک لە ناحیەی ڕزگاری، کەورگۆسک، خەبات، کەلەکی یاسین ئاغا، مەلائۆمەر، ناوشاری هەولێر، بەشدارى لە پرسەی ئەو حەفت پێشمەرگە شەهیدە كرد، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوێنێ شەوى پەلامارەکەى تیرۆریستانی داعشدا شەهید بوون.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش لە ڕێگەى پەیوەندیى تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەسوکاری ئەو حەفت شەهیدە، پرسە و سه‌ره‌خۆشى كرد و هاوخەمی خۆى پێڕاگەیاندن، هیواى خواست خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشتى بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت.
شه‌وی ڕابردوو چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش پەلامارى گوندی خدرجیجه له بناری چیای قه‌ره‌چووغ له میحوه‌ری مه‌خموور دا، بەم هۆیه‌وه 13 كه‌س شه‌هید بوون كه 3 له شه‌هیده‌كان هاووڵاتی خه‌ڵكی گوندی خدرجیجه و برای یه‌كترن، له‌گه‌ڵ شه‌هیدبوونی 10 پێشمه‌رگه، هه‌روه‌ها پێنج برینداریش،
ئێوارەى ئەمڕۆش مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بەشداری لە پرسەی چەند شەهیدێکى قارەمانى پێشمەرگە و بنەماڵەى ئەو سێ شەهیدە قارەمانەى گوندی خدرجیجەی بناری چیای قەرەچوغ کرد، له نەخۆشخانەی ئیمرجنسی هەولێریش، سه‌ردانى بریندارانى کرد، وێڕاى گەیاندنى پرسە و سەرەخۆشی بە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە و شەهیدانی گوندی خدرجیجە، هیواى زوو چاكبوونه‌وه‌شى بۆ برینداران خواست.