ئەمریكا: بە قوڵی نیگەرانی هەڵکشانی بەردەوامی پەلامارەکانی داعشین
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشە تیرۆیستییەکەی رۆژی پێنجشەممەی تیرۆریستانی داعش ئیدانە دەکات و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدان دەکات و رایدەگەینێت:” ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قوڵی نیگەرانی هەڵکشانی بەردەوامی پەلامارەکانی داعشە لە سەرتاسەری عێراقدا و لە ناویشیاندا هێرشەکەی دوێنێ لە قەزای مەخمور کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٠ پێشمەرگە و سێ هاووڵاتی مەدەنی.”
لە راگەیێندراوێکدا نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:” ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قوڵی نیگەرانی هەڵکشانی بەردەوامی پەلامارەکانی داعشە لە سەرتاسەری عێراقدا و لە ناویشیاندا هێرشەکەی رۆژی پێنجشەمە لە قەزای مەخمور کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٠ پێشمەرگە و سێ هاووڵاتی مەدەنی.
راشیگەیاندووە:” پرسە و هاوسۆزی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی ئەوانە دەکەین کە گیانیان سپارد و برینداربوون لەم پەلامارانەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشلێت:” ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختدەکاتەوە لە پابەندبوونی بە پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنیەکانی عێراق و لە ناویشیاندا هێزی پێشمەرگە لە بەردەوامییان لە شەڕی دژی داعش بۆ دڵنیاییدان لەوەی داعش بە شکستپێهێنراوی دەمێنێتەوە.”