بزانه‌ په‌كه‌كه‌ له‌باره‌ی هاتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ شه‌نگال چی به‌گه‌ریلاكانی گوتووه‌

خواكوڕك

دوای ده‌ستدرێژی و رێگریه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژی 2/3/2017 کۆمەڵگەی خانەسۆر له‌ شه‌نگال، چه‌ند چه‌كدارێكی گرووپه‌ چه‌كداریه‌كانی سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌سگیر ده‌كرێن و چه‌ند نهێنیه‌ك له‌باره‌ی زانیاری فه‌رمانده‌كانیان ئاشكرا ده‌كه‌ن.

یه‌كێك له‌و چه‌كدارانه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ دوای شه‌ڕه‌كه‌ی رۆژی 3/3/2017 ده‌سگیر كرابوو ده‌ڵێت، فه‌رمانده‌كه‌ی گرووپه‌ چه‌كداریه‌كانی یه‌به‌شه‌ی سه‌ر به‌په‌كه‌كه‌، وا حاڵی کردبوو کە سوپای تورکیا بە جلی پێشمەرگەوە پەلاماریان دەدات، بۆیە ئەوانیش چەکیان هەڵگرتووە.

یەکێک له‌ چه‌كداره‌ دیله‌كان به‌ هەڤاڵ بەرخودان خۆی ناساند و به‌ رووداوی راگه‌یاندووه‌ “ماڵم لە کۆمەڵگەی خانەسۆرە. رۆژی 2ی ئەم مانگە شەڕڤانێکی یەبەشە تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی وەرە بارەگامان بۆ بۆیاغ بکە، بەڵام کە چوومە بارەگاکە، پڕ لە شەرڤان بوو، لەوێ پێیانگوتم جلی سەربازی بپۆشە و چەک هەڵبگرە، بڕۆ بازگەی خانەسۆر، چەتەکانی تورکیا هێرشمان دەکەنەسەر”.

هەڤاڵ بەرخودان رەتیکردەوە ئەو شەڕی بۆ یەبەشە کردبێ و گوتی “لە ژیانمدا گوللەیەکم بۆ یەبەشە نەتەقاندووە، بەڵام ناچاربووم هاتمە خاڵی پشکنینی خانەسۆر. ئەوان پێیانگوتین لێرە بن و نەهێڵن کەس بەو بازگەیەدا رەت ببێ”.

ده‌شڵێـت، “بەیانی زوو بوو. من لە سەنگەرێک کەمێک دوور بوو لە جادەی سەرەکی، بینیم پێشمەرگە بەرەو جادەی سەرەکی دەهاتن. دواتر ئەو شەڕڤانانەی لەسەر جادەکە بوون تەقەیان لێکردن. ئەوانیش وەڵامیاندانەوە و شەڕ دەستیپێکرد. من و هاوڕێکەم، کە ئەویش هەر خەڵکی خانەسۆر بوو، خۆمان بێدەنگ کرد تا شەڕ کەمێک هێوربووەوە، پێشمەرگە نزیک بوونەوە، هەموویان بە کوردی قسەیان دەکرد، ئێمەش بەرەو ئەوان هاتین و خۆمان رادەستکردن”. شەڕڤانەکەی دیکە، کە بە هەڤاڵ ئازاد خۆی ناساند، ترس لە سیمایدا بەدیدەکرا، لێم پرسی: “بۆچی دەترسی؟” گوتی “ناترسم، بیری دایکم و باوکم دەکەم”.

هەڤاڵ ئازاد، کە تەمەنی 17 ساڵە، گوتی ئەو لایەنگری پەکەکەیە، بەڵام قەت چەکی بۆ ئەو حیزبە هەڵنەگرتووە، تەنیا رۆژی رووداوەکەی خانەسۆر نەبێ. هەڤاڵ گوتی “ماڵمان لە خانەسۆرە، لایەنگری پەکەکەم، بەڵام نەچوومەتە ریزەکانی ئەوان، تەنیا ئەو رۆژە نەبێ کە پێشمەرگە بۆ خانەسۆر هاتن”.

ده‌شڵێت، “نیوەڕۆ بوو. ئۆتۆمبێلێکی یەبەشە هاتە نێو بازاڕی خانەسۆر، یەکێک دابەزی و گوتی: نەتانزانیوە چی روویداوە؟ ئێمەش گوتمان: ناوەڵڵا. ئەویش گوتی: ئەوە هێزێکی سوپای تورکیا هاتوون، جلی پێشمەرگەیان لەبەرە و چەکداری داعشیشیان لەگەڵن. ئەوان بەنیازن هێرش بکەنە سەر خانەسۆر، وەکو داعش ژن و کچەکانمان دەبەن. ئەوجا دەبێ بچین رێگەیان لێبگرین و بەرگری بکەین”.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان جوڵه‌یان پێكرا و ئه‌ركی پاراستنی سنووره‌كانی عێراق و سووریایان پێ سپێردرا، به‌ 500 پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی دیاریكراو به‌ڕێكه‌وتن، بەڵام کاتێک گەیشتنە نزیک کۆمەڵگەی خانەسۆر، لەلایەن هێزەکانی یەبەشەوە رێگریان لێکرا.

بەشێک له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ گەیشتبوونە سەرەتای خانەسۆر، بەشێکی دیکەیان لەسەر رێگەی خانەسۆر جێگیربوون. یەکسەر هێزیکی یەبەشە هاتنە سەر رێگەی نێوان هەردوو هێز و سەنگەریان لێدا. رۆژی 3/3/2017 هێزی پێشمەرگەکانی سەر رێگەی خانەسۆر بەرەو هێزەکەی دیکە جووڵەیان کرد، بەڵام هێزەکانی یەبەشە رێگرییان لێکردن. بەوهۆیەشەوە شەڕ لەنێوانیان دروستبوو، لە شەڕەکەدا حەوت چه‌كداری په‌كه‌كه‌ گیانیان لەدەستدا، پێنجیشیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاواوە دەستگیرکران، هەروەها چوار پێشمەرگە برینداربوون. دواتر رۆژی 4/3/2017 هەر پێنج چه‌كداره‌كه‌ لە سنوونێ ئازادکران.

Back to top button