شیرین ئەمین: یەکێتی ناتوانێت خۆی بەری بکات لە تیرۆکردنی کاوە گەرمیانی بكوژی راستەقینە ئەندامی سەركردایەتیانه‌

ئەمڕۆ هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس (کاوە گەرمیانی)یە و هاوژینەکەی رای دەگەیەنێ، ئەمڕۆ مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی ساز دەکرێ و قەڵغانی کاوە گەرمیانی دەبەخشرێت بە کەسایەتییەکی دیار، دەشڵێ: “یەکێتی بەھیچ شێوەیەک ناتوانێت خۆی بەری بکات لە تیرۆکردنی کاوە گەرمیانی، چونکە بکوژە ڕاستەقینەکە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییە”.

شیرین ئەمین، ھاوژینی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو (کاوە گەرمیانی) ڕايگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 5/ 12/ 2021، لە هەشتەمین ساڵیادی تیرۆکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، لەسەر مەزارەکەی، بۆ بەرزڕاگرتنی گیانی پاکی شەھید کاوە گەرمیانی، خەڵاتی قەڵغانی کاوە گەرمیانی دەبەخشرێت بە کەسایەتییەکی دیار، ھەروەھا مەراسیمی دووەم،  لە سەعات ھەشتی شەو لەو خانووەی کاوەی تێدا شەھید کراوە، بەڕێوەدەچێت”.

گوتیشی: “دوای ھەشت ساڵ لە تیرۆکردنی کاوە گەرمیانی، بکوژی ڕاستەقینەی ئەو کەیسە، کە بڕیاری تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی داوە، بەنادیاری ماوەتەوە، ئەگەرچی یەکێک لە تاوانبارانی ئەو کەیسە ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە، بەڵام ئەو کەسەی بڕیاری تیرۆرکردنەوەکەی دەرکردووە، تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی دادگا نەکراوەتەوە”.

ئەوەشی خستە ڕوو، لە زۆنی سەوز ھیچ ئازادییەک نییە، ئەوەی باسی ئازدییش دەکات، ڕەنگە قودرەتێک بێت بۆ سپیکردنەوە و جوانکردنی دەموچاوی یەکێتی.

دەشڵێ: “ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی 30 ساڵەی یەکێتی، لە سەردەمی شاخەوە تاوەکو ئێستا، ئەو حزبە نەوه‌ک هەر تۆمەتبارە، بەڵکو تاوانبارە و بە دەیان کەیسی تیرۆرکردن و تۆقاندن و ھێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و شاعیر و کەسانی چالاکوانی لەسەرە، تەنانەت ساڵی پار لەم کاتەدا خەڵکی خۆپیشاندانێکیان کرد، یەکێتی خوێنی نۆ کەسی لەسەر شەقامەکان ڕشت، بۆیە یەکێتی ناتوانێت خۆی لە کوشتن و تیرۆرکردن بەری بکات”.

شیرین ئەمین، ھاوژینی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو کاوە گەرمیانی، كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ ئاماژەی بەوەش کردووه‌” “یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێت خۆی بەری بکات لە تیرۆکردنی کاوە گەرمیانی، چونکە بکوژی ڕاستەقینەی کاوە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییە و بۆ ئاستەکانی دیکە خەڵکی دیکەی بەدوادا دێت”.

کاوە محەمەد ئەحمەد، ناسراو بە (کاوە گەرمیانی)، لەدایکبووی 1981 و خێزاندار بوو، رۆژنامەنووس و سەرنووسەری گۆڤاری (رایەڵ) و پێشتر گۆڤاری (گەڕان) بوو، هەست ساڵ بەر لە ئێستا، لە رۆژی 5/ 12/ 2013، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و تیرۆر کرا.

Back to top button