پێشمەرگە لەهەموو ئەو گوندانە جێگیر دەکرێت کە هەڕەشەی داعش و بەعەرەبکردنیان لەسەرە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، چوونی پێشمەرگە بۆ گوندی لهێبان و دەوروبەری بۆ پاراستنی ناوچەکەیە لە هەڕەشەی داعش و بەعەرەبکردنی؛ دەشڵێت “سەرقاڵی ئەوەین پێشمەرگە لە هەموو ئەو گوندانە جێگیربکەین و ئاسایشیان بپارێزین” کە هەڕەشەیان لەسەرە. 
رۆژی دووشەممە 06-12-2021، کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ گوندی لهێبان و ئەو ناوچانەی کە هەڕەشەی داعشیان لەسەرە، لەنێو گوندی لهێبانەوە رایگەیاند: “لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆک ئەمڕۆ لە بەیانییەوە لەگەڵ لقی 23 و فەرماندەیی هەولێر هاتینە ناو گوندەکە بۆئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە دەوروبەری گوندەکە جێگیر بکەین؛ بۆ ئەوەی چی دیکە ئەو گوندانە نەکەونە ژێر هەڕەشەی چەکدارانی داعش و بەعەرەبکردنەوە”.
کاکەمین نەجاڕ کە بۆ رووداو قسەی کردووە گوتی، سەرقاڵی ئەوەن پێشمەرگە لە هەموو ئەو گوندانە جێگیر بکەن و ئاسایشیان بپارێزین کە هەڕەشەی داعش و بەعەرەبکردنیان لەسەرە و دەشڵێت: “ئێستا هاوئاهەنگی باش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە؛ لەمەودوا هاوئاهەنگییەکان باشتر دەبن، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و بڕیارە بەیەکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن؛ ئەوکاتە داعش لەو شوێنانە جێگەی نابێتەوە”.
Back to top button