پۆليس: تۆمەتبارێک دواى ئه‌وه‌ى دایکێک و دوو کوڕ بە چەقۆ بریندار دەکات ده‌ستگير ده‌كرێت

به‌رێوه‌به‌رايه‌تى پۆلیسی  هەولێر ده‌ستگيركردنى تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی بریندارکردنی دایکێک و دوو کوڕ، دوای ئەوەی بووەتە دەمەقاڵێیان راگه‌ياند.

له‌ راگه‌يێندراوێكدا ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 6-12-2021 پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر ڕایگەیاند: بنکەی پۆلیسی شاوێس ئەمڕۆ دووشەممە دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە کەوا تۆمەتبارێک لەگەڵ دایکێک و دوو کوڕ بە ناوەکانی (ز. ش. ش) و (م. ی. م) (س. ی. م) بووەتە دەمەقاڵەیان و لە ئەنجامدا تۆمەتبارەکە هەرسێکیانی بە چەقۆ زامدار کردووە.

ڕاشیگەیاندووه‌: یەکێک لە کوڕەکانیش بە ناوی (س. ی. م) چەقۆ بەر سەری کەوتووە و گیانی لە دەستداوە.

پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر ده‌شلێت: دەستبەجێ دەستیان بە ڵێکۆڵینەوە کرد و بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەی ئاسایشی شاوێس توانییان لە ماوەی کەمتر لە (15 کاتژمێر)ـدا تۆمەتبارەکە لە شارۆچکەی ڕانیەوە بهێننەوە شاری هەولێر و دەستگیری بکەن.

له‌ كۆتايى راگه‌يێندراوه‌كه‌ پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کرایەوە و تۆمەتبارەکەش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (413) لە یاسای سزادان، ڕاگیرا.

Back to top button