ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی مستەفا كازمی و مەسرور بارزانی ڕاگەیەنرا
بەیانی ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیشە، بەسەردانێك گەیشتە فڕۆكەخانەی هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ كرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە هەشتی كانوونی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، مەسروور بارزانی سەرۆك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و شاندێكی سەربازی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی كوردستان، دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق دوای سەركەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تاوتوێ كرا و دووپات لە گرنگیی سەقامگیریی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری، چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی كرا.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی هێرش و پەلامارەكانی ئەمدواییەی تیرۆریستانی داعش، گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵ و تواناكان و بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق كرا، لە پێناو كۆتاهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش كرا.