مەسرور بارزانی: لە هاوکاریکردنی پرۆژە هونەرییەکان درێغی ناکەین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکوومەت درێغی ناکات لە هاوکاریکردنی پرۆژە هونەرییەکان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو رێوڕەسمەدا، وتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەرێزان

ئامادەبوانی هێژا

شانۆكاران، هونەرمەندان، رۆشنبیران، زۆر زۆر بەخێر بێن، خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم كە ڕێگەم پێدرا بەشدار بم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە یادی ئەم بۆنە گەورەیە بكەینەوە.

ئەمڕۆ یادی سەد ساڵەی سەرهەڵدان و پەیدابوونی بزاڤی شانۆگەری لە شاری هەولێر دەكەینەوە كە لە 1921 لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا نمایش كراوە كە بە سەرەتای نمایشكردنی شانۆ لە هەولێر و كوردستان دادەنرێت.

دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم یادە دەكەم كە هەولێكە بە ئاراستەی زیندووڕاگرتن و یادكردنەوەی مێژووی دێرینی شاری هەولێر كە وەك دەزانین یەكێكە لە كۆنترین شارەكانی جیهان كە ژیان و نیشتەجێبوون تێیدا بەردەوامە.

دیارە یەكەم شانۆگەریش لە هەولێر دەربارەی ژیان و ئازایەتی و دادپەروەریی سەركردەی كورد سەڵاحەدینی ئەیوبی بووە كە بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، خەڵكی گوندی دوینی سەر بە شارۆچكەی پیرمامی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە و دواتر كۆچیان كردووە بۆ شاری تكریت.

بێگومان شانۆ یەكێكە لە گرنگترین و كۆنترین هونەرەكانی جیهان كە هەزاران ساڵ پێش زایین هەبووە و ئاوێنەی خستنەڕووی بارودۆخی واقیعی ژیان و ژیانی ئەو سەردەمە بە خۆشی و ناخۆشییەكانی بووە.

لە سەردەمی نوێشدا شانۆ لە پاڵ هونەرەكانی تردا، رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە گەیاندنی چەندین پەیامی گرنگی كولتووری و كۆمەڵایەتی و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە. بۆیە دەكرێ لە ڕێگەی ئەم هونەرە گرنگەوە شانۆكار و هونەرمەندانی كورد چەندین ئەزموونی گرنگ و مرۆیی لە خەڵك و كۆمەڵگە بگەیەنن، بە تایبەتی لە خستنەڕووی مێژووی گەلی كوردستان كە لە درێژایی مێژوو دووچاری چەندین كارەسات و كۆمەڵكوژی و جینۆساید بۆتەوە كە دەكرێ بابەتی چەندین شانۆگەریی گرنگ بێت.

هەرچەندە لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە چەند ئەزموونی شانۆ لە سەردەمی شۆڕش بدەین كە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە برەودان بە هزری نیشتمانپەروەری و داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان. من بیرمە كە منداڵ بووین، چەند گەنجێكی خوێنگەرم شانۆیەكیان پێشكەش كرد لەسەر كاوەی ئاسنگەر، لەو تەمەنە بەڕاستی زۆر زۆر چێژم لێ بینی، چەندین ساڵ دوای راپەڕین دیسان لە دەڤەری بێتوێن چەندین گەنجی خوێنگەرم بە شێوەیەكی زۆر سادە و ساكار شانۆیەكیان لە دەرەوە پێشكەشی جەماوەر كرد لەسەر ئەنفال و كیمیاباران، وە كوڕێكی زۆر زۆر دەنگخۆش بە شێوازێك پەیام و ئازاری ئەو كارەسات و نەهامەتییانەی بە هەموو دانیشتوانی دیار شانۆكە گەیان كە بە ڕاستی كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دەروونی مرۆڤ دەكرد.

قسەكردن لەسەر شانۆ بۆ پسپۆڕان جێدەهێڵم، بەڵام شانۆ وەكوو داهێنان یان وەكوو بیرەوەری، خۆشی و ناخۆشیی ڕووداوەكان لەگەڵ هەستی مرۆڤ دەدوێت. ئەوەی من هەستم پێی كردووە، كە شانۆ پێشكەش دەكرێت، تۆ وەكوو تەماشاكارێك هەست دەكەیت لەگەڵ خۆشییەكانی دڵت خۆش دەبێ و لەگەڵ بیرەوەرییە ناخۆشەكانیش خەمگین دەبی. ئەم پەیوەندییە ڕۆحییەی نێوان شانۆكار و تەماشاڤان گەورەیی ئەم هونەرە پێشان دەدات.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پشتیوانیی خۆی بۆ بەرەوپێشبردن و پێشخستنی بواری شانۆ و كولتووری لە كوردستان دووپات دەكاتەوە و بەپێی تواناكانی حكوومەت درێغی ناكەین لە هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی پرۆژە هونەری و رۆشنبیرییەكان.

هەرچەندە خۆتان ئاگادارن، بە داخەوە لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختدا بووە و تا ئێستاش نەمانتوانیوە وەك پێویست ئەو دۆخە تێپەڕێنین، بەڵام ئێمە بڕوامان وایە كە هاوكات لەگەڵ بونیادنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری و گەشەپێدانی بواری كولتووری و گرنگیدان بە بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی كۆمەلگە و بایەخدان بە هونەر زۆر پێویست و گرنگن، لە پێناو كۆمەڵگەیەكی هۆشیار و پێشكەوتوودا. بۆیە لەم رووەوە ئامادەیی خۆمان بۆ پالپشتیكردنی بزووتنەوەی هونەری دووپات دەكەینەوە، چاوەروانیشمان لە هونەرمەندان و رۆشنبیرانی كوردستان ئەوەیە كە ئەوانیش تێبینی و پرۆژە و بەرنامەكانیان پشتیوان و هاوكاری بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن، تا بتوانین بە هاوكاریی هەموو لایەك، هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی گەشەسەندووتر لە هەموو ئاستەكان ببەین.

جارێكیتر هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ هونەرمەند و شانۆكارانی كوردستان دەخوازم.

ئامادەبوانی هێژا من داوای لێبووردن دەكەم كە ناتوانم بۆ هەموو بۆنەكە لەگەڵ ئێوە بەردەوام بم، چونكە لە جیاتی خۆم و وەزیرە بەڕێزەكانیش داوای ڕووخسەتتان لێ دەكەین كە دەبێت بڕۆین بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام هیواخوازم بۆنەیەكی خۆش و كاتێكی خۆشتان هەبێت و ئێوەش هەر سەلامەت و سەركەوتوو بن.

Back to top button