ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆى ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرا كرا … بڕيارى نوێ درا

ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تاووتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی دیسەمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش کرد بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارەمان و هاووڵاتی.

سەرۆک وەزیران ، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، کە هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین، بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچە کوردستانییانەی ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتەوە کە ئەم هێرشانە، بە شێکن لە سیاسەتی بەردەوامی گۆڕینی دێموگرافی ئەو ناوچانە و ناچارکردنی دانیشتووانەکانیان بۆ ئەوەی شوێنەکانیان چۆل بکەن.

 

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە خرایە ڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، بە ئامانجی ڕێکخستنی هەموو بوارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە سەر بنەمای سەردەمیانە و برەودانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن لە پێناو دانانی بناخەی سیستەمێکی پەروەردەیی نوێی کوردستانی. پڕۆژە یاساکە، فراوان وگشتگیرە و کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری، لە کەرتی حکومی و تایبەت لەخۆ دەگرێت.

پاشان کەمال محەمەدساڵح وەزیری کارەبا، پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021 ) خستەڕوو، کە ئامانج لێی، باشتر ڕێکخستنەوەی هەیکەلیەتی وەزارەتە. پڕۆژە یاساکە، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و بڕیاردرا بە ناردنی هەردوو پڕۆژە یاساکە، بۆ پەرلەمانی کوردستان.

ئینجا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بابەتی وشکەساڵی و مەترسییەکانی بۆ سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە سەرئەنجام کاریگەری لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی پەیینی کیمیایی و ماددە قڕکەرەکان و کاریگەری بۆ سەر داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی ئاژەڵداران و کێڵگەکانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دەبێت. لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێرییەکان و گلدانەوەی ئاوی پێویست و پاراستنی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو کرا، لە ڕێگەی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و هەروەها چەندین پێشنیاری ئاسانکاریی بۆ جووتیاران وئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی بەو ئاسانکارییانە ڕاسپارد، کە کاریان لەسەر بکەن و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، هاوکاریان بن.
پاشان حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیریی و جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار و ڕاسپاردەیان بۆ ڕێکخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیا، لە گەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش خستەڕوو ، کە پێویستە وەک ڕاگەیاندنی بەرپرس، ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەلامەتی و ژیانی پێشمەرگە قارەمانەکان، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر پلانەکانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان و سەنگەرەکانی بەرگری.

Back to top button