موقتەدا سەدر : پێویسته چەک بە تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
موقتەدا سەدر، سەرکردەی رەوتی سەدر، رایگەیاند، ئەو هێز و لایەنانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان رەت کردووتەوە، دەستیان هەبووە لە توندوتیژی لە وڵاتدا دوای دۆڕانیان لە هەڵبژاردنەکاندا.
موقتەدا سەدر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “گەڕانەوەی تیرۆری داعش بۆ ناوچەی مەخموور و تەقینەوە سیاسییەکان لە پارێزگای بەسرە، لەگەڵ چەند رووداوێکی کوشتن لێرە و لەوێ، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی، و پەنابردنیان بۆ توندوتیژی وڵات بەرەو مەترسی دەبات لەپێناو چەند کورسییەک”.
سەرکردەی رەوتی سەدر جارێکی دیکە بانگەوازی ئەوەی کرد کە پێویسته چەک بە تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، لەگەڵ کارکردن بە جددیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم میلیشیا لە دەست دەرچووەکان، کە بە بیانووی بەرگریی کردن چەک بە خراپ بەکاردەهێنن.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، رەوتی سەدر بە بەدەست هێنانی ٧٣ کورسی لە کۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.