چین هەڕەشە لە ئەمریکا، بریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، بڕیارەکەی چوار وڵات کە ئەوانیش (ئەمریکا، بریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا)ن بۆ بایکۆتی بەشداریی دیپلۆماسییان لە چالاکییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی پەکین سەرکۆنە دەکەن و ئەو وڵاتانە دەبێت، باجی ئەو هەنگاوەیان بدەن.
وانگ وینبن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەمریکا، بریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا بڕیاریانداوە بەشداریی دیپلۆماسییان لە چالاکییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی پەکین بایکۆت بکەن کە بڕیارە مانگی شوباتی 2022 بەڕێوەبچێت، بۆیە پەکین ئەو هەنگاوە سەرکۆنە دەکات و ئەو وڵاتانە دەبێت باجی ئەو هەنگاوەیان بدەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەکارهێنانی وەزرش و یاریگاکان بۆ گۆڕەپانی سیاسی کارێکی نەخوازراوە و بەو بڕیارە خۆیان گۆشەگیر دەکەن، بۆیە ئەو هەنگاوە خراپەی ئەو چوار وڵاتە بەبێ باج تێناپەڕێت.