وەزارەت: پێویستە میدیا بۆ ھەر زانیارییەک، بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەلێ: بڕیار دراوە چیتر رێگە بە میدیا نەدرێت رووماڵی شەڕەکانی پێشمەرگە دژی داعش بکرێت و دەشڵێ، پێویستە میدیا بۆ ھەر زانیارییەک، بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتوویەتی، وەزارەتی پێشمەرگە رووماڵی شەڕەکانی پێشمەرگەی لە دژی داعش بە تەواوی قەدەغە کردووە، چونکە میدیا دەچێتە بەرەی جەنگ و سەنگەرەکانی پێشمەرگە پێشانی دوژمن دەدات و زانیارییان نییە لەسەر رووماڵی شەڕەکان، لە کاتێکدا ھەندێک زانیاری ناکرێت بڵاو بکرێتەوە، بۆیە بڕیارەکە دراوە و کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕوونیشی کردۆتەوە، لەمەودوا ھەر میدیایەک بیەوێت زانیاری لەبارەی شەڕەکان وەربگرێت، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و نابێت بچێت لە بەرەی جەنگ شەڕەکان رووماڵ بکات، چونکە بە ھیچ جۆرێک رێگە بە ڕووماڵکردنی شەڕەکان نادرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی زیان بە پێشمەرگە نەگات و ھەندێک زانیاری ھەیە بڵاو نەکرێتەوە، چونکە ئەوە خزمەت بە پێشمەرگە ناگەیەنێت و بەو شێوەیەی ئێستا کە ئەو بڕیارە دراوە، زیاتر لە بەرژەوەندیی پێشمەرگەدایە.

Back to top button