سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك لە بارەی ڕۆژی ئافرەتانەوە بڵاو دەكاتەوە

خواكوڕك
بە بۆنەی 8ی مارسەوە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێك بلاو دەكاتەوە, لە پەیامەكەیدا هاتووە، وێڕای پیرۆزباییكردن لە ئافرەتانی كوردستان و هەموو جیهان، هاوكات پیرۆزبایی لە دایكی شەهید و ژن و كچی شەهیدە سەربەرزەكان دەكات.
هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕای دەگەیەنێت، كە رۆڵی ئافرەتان لە دروستكردنی مێژوو و، پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێگەیاندنی رۆڵەی قارەمان جێگەی شانازییە.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی دەڵێت:” بە ئەركی حكوومەت و كۆمەڵگە و تاك بەتاكی هەموو گەلی كورد دەزنێت پێزانینیان هەبێت بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی ئافرەت و بە پێویستیش دەزانێت، كۆتایی بە جیاكاریی ڕەگەزیی و توندوتیژە بەهەموو شێوەكانی لە دژی ئافرەت بێت.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

بە بۆنەی 8ـی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەت

پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئافرەتانی كوردستان و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە دایكی شەهید و ژن و كچی شەهیدە سەربەرزەكان دەكەم، كە ئازیزانی خۆیان پێشكەشی گەل و نیشتیمان كردووە. پیرۆزبایی لەو ئافرەتە تێكۆشەرانە دەكەم رۆڵیان لە بەرەوپێشچوونی دۆزی ئافرەتی كوردستانیدا هەبووە.

رۆڵی ئافرەتان لە دروستكردنی مێژوو و، پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێگەیاندنی رۆڵەی قارەمان جێگەی شانازییە. ئەو قوربانی و ئێش و ئازارەی ئافرەتی كوردستانی لە خەباتی گەلەكەیدا بینیویەتی، لە هی پیاو زیاترە.

بۆیە، ئەركی حكومەت و كۆمەڵگە و تاك تاكی هەموومانە، قەدرو پێزانینمان بۆ رۆڵ و قوربانیدانی ئافرەت هەبێ و، بە هیچ شێوەیەك نەبینە بەربەست لە بەردەم ماف و داواكارییەكانیان. پێویستە رێگە لە پێشێلكردنی ئاسوودەیی و مافەكانیان بگیرێت و، كۆتایی بە جیاكاریی رەگەزیی و توندوتیژی بە هەموو شێوەكانی لە دژی ئافرەت بێت. هیوای بەختەوەری و ژیانێكی ئاسوودە بۆ ئافرەتانی كوردستان دەخوازم.

Back to top button