پەیامی مەکتەب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
مەکتەب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی 69 ساڵەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئارستە دەکات
له پهیامهكهی مهكتهبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دا هاتووە :
بەڕێزان/ سکرتێر و هەڤاڵانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
یادکردنەوەی(69)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، یادکردنەوەی بۆنەیەکی گرنگ و مێژووییە هەم بۆ خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و هەمیش بۆ رێکخراوی پێشەنگی سەرجەم ئافرەتانی دلێر و سەرفرازی کوردستان، ئەو بۆنەیەی وەرچەرخانێک بوو لە دیرۆکی خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە ئاکامی بڕیارەکانی کۆنگرەی سێیەمی پارتیمان دامەزرا، هەرچەندە لەو هەلومەرجە دژوارەی ئەوکات سەریهەڵدا، بەڵام توانی بناخەی راست و دروستی کارنامە و چالاکییەکانی دابڕێژێ و وەک رێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافی رەوای ئافرەتان پێگە و جێگەی شیاوی خۆی بچەسپێنێت.
توێژی ئافرەتانی کوردستان لە چوارچیوەی ئەو یەکێتیەیەیان دا بە پێی پلانێکی رێکوپێک و نوێخوازانە و گونجاو بەدرێژایی قۆناغەکانی تێکۆشانی گەلەکەمان هەمیشە ئامادەییان هەبووە، بۆیە رۆڵ و پێگەکەیان گەواهیدەری ئەو کاروانە پڕبەخششەی ئافرەتە تێکۆشەر و کۆڵنەدەرەکانە بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی لەلایەک و لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەلایەکی دیکەوە.
ئەمڕۆش پاش ئەو تەمەنە و ئەو خەبات و قوربانیدان و دەسکەوتانە، توێژی ئافرەتانی کوردستان جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتەکاندا گرتووە و بەشدارن لە دامەزراوە باڵا سیاسی و یاسایی و مەدەنییەکان، هەروەها بڕیاردان لەسەر چارەنووس و دوارۆژی کێشە رەواکەمان، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوی سیاسی و یەکێتییەکەتان.
هەڤاڵانی بەڕێز ، کارنامە و کۆشش و چالاکییەکانی یەکێتییەکەتان رۆژ بە رۆژ گرنگتر و هەستیارتر و قورستر دەبێ بەتایبەتی لەرووی ئەو جەنگە هەمەلایەنەی دژ بەو ئەزموونە و کۆمەڵگا و سەقامگیری دەروونی رۆڵەکانمان دەکرێ، هەروەها ئەو لێشاوەی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و ئامرازەکانی پێوەندیکردن کە کاریگەری زۆری بەسەر تاکەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەک و بە هەموو توانا و جۆرێک کاربکەین بۆ راستەڕێکردن و هاندان و بونیاتنانی تاکی هۆشیار و بەرهەمهێن و داڕشتنی بنەما پێشکەوتوو و سەردەمەییەکان بە جۆرێک لە خزمەتی بەها و مۆراڵ و نەریتە سوودبەخشە رەسەنەکانمان بن.
بەو بۆنەیەوە و لەم دەرفەتەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، جارێکی دیکە تەواوی پشتیوانی و پاڵپشتی خۆمان بۆ کار و چالاکی و بەرنامەکانتان دووپات دەکەینەوە، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر پتەوکردن و بەهێزکردنی بنەما راست و دروستەکانی پەروەردە و پێگەیاندن و، سڕینەوە و نەهێشتن و رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەو دیاردە و رەفتار و کردەوە ناپەسند و دزێوانەی بەها و نەریتە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لەکەدار دەکەن و دەیشێوێنن و دەبنە هۆی جۆرەها دەردی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی، کە زۆر دوورن لە دابونەریتە راستەقینەکانی کۆمەڵی کوردەواریمان.
ئەو یادە پیرۆزە مایەی شانازییمانە، یادی ئەو یەکێتییەی تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان و خواست و ویستی ئافرەتان، بۆیە وەک هەمیشە خوازیارین بە ئەرکی رێکخراوەیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆتان هەڵسن لە خستنەڕووی پەیام و کارنامەکەتان.
جارێکی دیکە گەرمترین پیرۆزباییمان ئاراستەی ئێوە و سەرجەم کادیر و ئەندامان و گشت ئافرەتانی کوردستان دەکەین و، ئومێدەوارین هەردەم بەرەو پێش بچن و خزمەتی زیاتر بە توێژی ئافرەتان بکەن.