سەرۆكی یەكێتیی زانایان: هەر مسوڵمانێك ئێزیدی و مەسیحییەكان بەبرای خۆی نەزانێت دەمارگرژیی هەیە
سەرۆكی یەكێتیی زانیارانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێویستە سەرجەم مسوڵمانان، مەسیحی و ئێزیدی بە برای خۆی بزانێت و هەر كەسێكیش ئەو كارە نەكات، ئەوا دەمارگیریی هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەلا عەبدوڵا سەعید وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی ئاشتی و پێكەوژیانی ئاینەكان رای گەیاند، لە ئاینی ئیسلامدا تەنیا مسوڵمانان برای یەكتر نین، بەڵكو مەسیحی و ئێزیدیش برای مسوڵمانانن.
سەرۆكی یەكێتیی زانایانی كوردستان باسی لەوەش كرد، ئەگەر تەنیا مسوڵمان بە برای خۆم بزانم، جۆرێكە لە دەمارگرژی، بەڵام گەلی كورد بە درێژایی مێژووی خۆی بە پابەندبوونی بە ئیسلام و گەشەكردنی ئیسلامی میانڕەو، ئەو بابەتانەی قۆناغ بەقۆناغ پێڕەو كردووە.
مەلا عەبدوڵا لە گفتوگۆكەی بە تەحەداوە گوتی، ئەو ئازادییە ئاینییەی لە كوردستان بۆ هەموو ئاینەكان هەیە، لە زۆر وڵاتانی دنیا هەستی پێ ناكەیت و نییە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتیی زانایان، پەیامێكی ئاراستەی ئەو كەسانە كرد كە ڕەخنە لە ئاین و ئاینزانەكان دەگرن و ڕای گەیاند، برایەتیی نێوان گەلان و ئاینە جیاوازەكان لە دنیادا دروشمە، بەڵام لە كوردستان لەمێژە بووەتە ڕاستەقینە، مەلا مستەفا بارزانی وەك سەركردەیەكی ڕۆحی و نەتەوەیی، توانی ئەو برایەتی و پێكەوەژیانە دروست بكات، مسوڵمانێك و مەسیحییەك، مسوڵمانێك و ئێزیدییەك لە یەك سەنگەردا و پێكەوە خوێن بڕێژن لە پێناوی ڕزگاركردنی كوردستان.