ديندار زێبارى لەبارەی گیراوانی کەرکووک لەکاتی هەڵبژاردن: ئەو کەسانەی دەستگیر کرابوون دووچاری ئەشکەنجە بوون و پێويسته‌ قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه‌

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گیراوانی کەرکووک لەکاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق رایدەگەیەنێت، لەلایەن پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی گەنجانی گەڕەکە کوردنشینەکان و هەڵکوتانە سەرماڵەکانیان دەستیپێکرد بە بیانووی تێکدانی ئارامی و ئاژاوە نانەوە و ده‌شلێت: ئەو کەسانەی دەستگیر کرابوون دووچاری ئەشکەنجە بوون و ئاسەواری ئەم ئەشکەنجەدانە بەسەر جەستەیانەوە دیارە و  پێويسته‌ قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووانی شاری کەرکووک بکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە.

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: “دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دانیشتووانی شاری کەرکووک رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی خۆشی و ئاهەنگگێڕان، لە ناو ئاژاوەگێڕاندا کەسانی سەر بە پەکەکە و لایەنەکانی دیکە هەبوون بوونەتە هۆی تێکدانی ئاهەنگەکە. سوپای عێراق، پۆلیسی خۆجێی، ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی سواتی فریاکەوتن دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە گەڕەکەکانی (رەحیماوا، شوڕیجە، دەروازە، ئیسکان، ئازادی، پەنجا عەلی و کوردستان) دواتر دەستگیر کراوەکان رادەستی بنکەی پۆلیسی (ئازادی و رەحیماوە) کراون لە ئەنجامدا نزیکەی (80) هاووڵاتی دەستگیر کران، لەوانە (50) کەسیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە”.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، راشیگەیاند: “بەبێ بڕیاری دادگا و داوەر ئەو گەنجانە دەستگیر کراون، بەڵکو بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک دەستگیر کراون لەژێر حوکمی سەربازی”.

ئاماژەی بەوەشکردووە: “نزیکەی 10 پارێزەر خۆبەخشانە بەرگرییان لەم گیراوانە کردووە دواتر دەستگیرکراوان بە کەفالەت ئازادکراون و بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە کە نابێ بۆ ماوەی 6 مانگ بەشداری لە هیچ گردبوونەوە و ئاهەنگێکی جەماوەریدا بکەن، بەپێی زانیارییەکان لە رووی یاساییەوە و بە شێوەیەکی فەرمی کەیسەکانیان دانەخراوە و بە کراوەیی ماوەتەوە بە تۆمەتی (حق العام)، بەڵام هەوڵەکان لە ئارادان بۆ داخستنی دۆسییەکە”.

دیندار زێباری باسی لەوەشکردووە: “ئەو کەسانەی دەستگیر کرابوون دووچاری ئەشکەنجە بوون و ئاسەواری ئەم ئەشکەنجەدانە بەسەر جەستەیانەوە دیارە، لەرووی جەستەییەوە بە دار و کێبڵ و داری کارەبایی ئەشکەنجەدراون، هەروەها رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونیش بوونەتەوە. ئەو گەنجە دەستگیرکراوانە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کەلوپەل و مۆبایل و ماتۆرسکیلەکانیان لێسەندراوە، جلوبەرگی بەریان دڕێندراوە، لەرووی دەروونی و جەستەییەوە دووچاری ئازارێکی و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە. هەروەها بەشێک لەو هاووڵاتییانە بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان لە ئاهەنگەکاندا نەکردووە تەنانەت نەچووبوون بۆ دەنگدانیش، بەڵکو خەریکی پەیداکردنی بژێوی رۆژانەی خۆیان بوون، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیان لەسەر کار دەستگیر کراون و سووکایەتییان پێکراوە”.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەشی خستووەتەڕوو: “دوای رووداوەکان بازگەی سەربازی دانرابوون خەڵکیان ئازار دەدا، هەروەها هێزە عێراقییەکان بە دوای کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەو رۆژنامەنووسانە بوون کە رووماڵی رووداوەکانیان کردبوو، لە هەوڵی دەستگیرکردنیاندابوون”.

دەشڵێت: “لە ئەنجامی ئەم رووداوانە دوور لە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، پێشێلکاری بەرامبەر بە دانیشتووی شاری کەرکووک کراوە و رووبەڕووی گرتن ولێدان و سووکایەتی پێ کردن بوونەتەوە و ژمارەیەکیان بۆ ماوەیەک دەستگیرکران. هەروەها بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی لەناو گەڕەکەکان و دانانی چەندین بازگە جۆرێک لە ناسەقامگیری درووست کردبوو. پێویستە بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم بەدواداچوون لە راستییەکان بکرێت، بۆ دیاری کردنی ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لە رووداوەکان و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووانی شاری کەرکووک بکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە”.

Back to top button