لیوا عـهبـدولخـالق تـهڵعـهت: کاری لیوا هاوبەشەکان تەواو بووە بەم نزیکانە دەستبەکار دەبن
نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له فهرماندهیی هـێزهكانی هـاوبهش ڕایگەیاند، کاری لیوا هاوبەشەکان تەواو بووە بەم نزیکانە دەستبەکار دەبن. دهشلێ: سەرۆکایەتی هەرێم چەندین دووربینی حەڕاری بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابینکردووە و لەماوەی داهاتووشدا بەشێکی دیکە دابین دەکرێت.
لیوا عـهبـدولخـالق تـهڵعـهت نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له فهرماندهیی هـێزهكانی هـاوبهش ڕایگەیاند: دوو لیوا هاوبەشەکە کاریان تەواو بووە، تەنها ئەوە ماوە ناوەکانیان جێگیر بکرێن، لەماوەیەکی نزیکدا دەستبەکار دەبن.
هەروەها ڕایگەیاند: لیواکە تێکەڵ دەکرێت، ئەگەر ئامر لیواکە کورد بێت ئەوا جێگرەکەی عەڕەب دەبێت، هەروەها لەو شوێنانە دابەش دەکرێت کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە و مووچەیان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت.
ڕاشیگەیاند: دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بڕیاردرا چیتر لەسەر تەواوبوونی کاری ئەم دوو لیوا هاوبەشە نەوەستین، بەرنامەیەک دارێژڕاوە بۆ ئەو ناوچانەی کە کێشەی ئەمنیان تێدایە و لە چوار میحوەڕ دابەش کراون.
هەروەها گوتی: میحوەڕەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە 8 میحوەڕ پێکهاتووە، کە 4 میحوەڕیان لە دیالە و کەرکووک و سنوورەکانی ئەو ناوچانەن، هەروەها 4 میحوەڕەکەی دیکە لە مەخموور و سنووری ئەو ناوچانانەن، لە 4 میحوەڕەکەی دیالە و کەرکووک ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەستیان پێکردووە و لەماوەیەکی نزیکیشدا لە میحوەڕەکانی سنووری مەخموور دەست پێ دەکات.
گوتیشی: ئەرکی ئەم هێزە تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی داعش نییە، بەڵکو بۆ ئەو هێزانەشە کە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەن، بە تایبەت لە ماوەی ڕابردوودا کە بۆ چەندین جار لەلایەن هەندێک هێزەوە لەو سنوورانە مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرا، دابەشبوونی ئەو هێزانە تا بۆشاییەکی زۆر وادەکات ئەو هێزانە نەتوانن بە ئاسانی لە سنووری هەرێمی کوردستان نزیک ببنەوە.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەو نوێنەرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە کرد کە هێزی هاوپەیمانان گرنگترین ڕۆڵیان دەبێت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان لەگەڵیان هەیە، هاوپەیمانان لەسەر هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام بن و بڕیارە بۆ سەری ساڵ هاوکارییەکی باشی پێشمەرگە بکەن. گوتیشی” هێزە هاوپەیمانەکان دوای دەرچوونیشیان لە ڕووی زانیارییەوە و ئاسمانییەوە هاوکارمان دەبن.
نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له فهرماندهیی هـێزهكانی هـاوبهش كه بۆ كوردستان tv قسهى كردووه ئاشکراشی کردووه کە سەرۆکایەتی هەرێم چەندین دووربینی حەڕاری بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابینکردووە و لەماوەی داهاتووشدا بەشێکی دیکە دابین دەکرێت، هەروەها بڕێکی دیکەشی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دابین دەکرێت، دووربینەکە دەتوانێت لە دووری چەندین کیلۆمەتر لە شەودا ببینێت، ئەمەش مەترسییەکانی داعش لەکاتی شەودا کەم دەکاتەوە.