سهرۆك بارزانى: ئاڵای كوردستان هێمای ئازادیخوازی و قوربانیدان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستانە
سهرۆك مهسعود بارزانی، بهبۆنهی رۆژی ئاڵای كوردستانهوه پهیامێكی بڵاوكردهوه، و له بهشێكى پهيامهكه هاتووه:” لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایەدا، هەموومان سەربەرزین.
دهقى پهيامى سهرۆك بارزانى:
پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.
ئاڵای كوردستان هێمای ئازادیخوازی و قوربانیدان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستانە و لەپێناویدا خوێن و قوربانییەكی زۆر دراوە. ئاڵای كوردستان بەهایەكی هاوبەش و هێمای یەكگرتوویی گەلەكەمانە. ئەم ئاڵایە موڵكی تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە و، وێڕای هەبوونی بیروڕای جیاواز، لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایەدا، هەموومان سەربەرزین و، خاوەنی شانازی و ناسنامەین. لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا پێداگری لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی كە لە پێناو ئاڵای پیرۆزی كوردستان گیانی خۆیان بەخت كردووە.
مسعود بارزانی
17ـی كانوونی یەكەمی 2021