له‌ توركیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌باری مه‌نبه‌جه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌

خواكوڕك

رۆژی سێشه‌مه‌ 7/3/2017 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌ نێوان سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا و سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا و سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای رووسیا به‌ڕێوه‌چووه‌ و تیایدا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر دواین پێشهاته‌كان و ئالۆزیه‌كانی عێراق و سوریا.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردۆته‌وه‌، جه‌نه‌راڵ خوڵوسی ئاكار سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، راگرتنی شه‌ڕ له‌سووریا و كه‌مكردنه‌وه‌ی پێكدادانه‌كان له‌ئه‌نجامدا ئامانجی هاوبه‌شی هه‌موومانه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی، وڵاته‌كه‌یان هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی زۆر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ ئاشتیی بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، توركیا حكومه‌ت و گه‌له‌كه‌ی به‌ سته‌ملێكراوترین لایه‌نی نێو ئالۆزیه‌كان ده‌زانێت و پێیوایه‌، له‌ ناوچه‌كه‌دا قه‌یرانێك هه‌یه‌، وه‌ك ده‌زانن به‌داخه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی چڕ له‌ناو ئه‌و قه‌یرانه‌داین. پێویسته‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێت.

به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ پرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ سوریا و ئه‌و پێشهاته‌ نوێیانه‌ی له‌ مه‌نبه‌ج هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام وه‌كو له‌ میدیاكان باسی لێوه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ روسیا و ئه‌مریكاوه‌ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌و باره‌وه‌.

Back to top button