نێچيرڤان بارزانى به‌دواداچوون بۆ لافاوه‌كانى هه‌ولێر ده‌كات

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ هه‌ينى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر به‌دواداچوونى بۆ دۆخى ئه‌و شوێنانه‌ى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر كرد كه‌ به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆ به‌هۆى بارانێكى زۆره‌وه‌ تووشى لافاو هاتن و له‌ ئه‌نجامدا به‌داخه‌وه‌ ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى گيانيان له‌ ده‌ست دا و ژماره‌يه‌كى ديكه‌شيان بريندار بوون، وێڕاى كه‌وتنه‌وه‌ى زيانێكى زۆرى ماڵى.

نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى هاوخه‌مى و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى بۆ خانه‌واده‌ى قوربانييان، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندار و ده‌زگا حكوومييه‌كان خێرا و به‌ پله‌ى يه‌كه‌م كار بۆ ڕزگاركردنى گيانى هاووڵاتييان بكه‌ن و هه‌رچى پێويسته‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ زووترين كاتدا به‌ هاناى لێقه‌وماوانه‌وه‌ بچن و هاوكارييان بكرێت، نه‌خۆشخانه‌كانيش له‌وپه‌ڕى ئاماده‌باشيدا بن بۆ پێشوازيكرن له‌ قوربانييان و چاره‌سه‌ركردنيان.

لاى خۆشيیه‌وه‌ پارێزگارى هه‌ولێر دۆخى شوێنه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانى ڕوون كرده‌وه‌ و باسى له‌ پرۆسه‌ى فرياكه‌وتن و ڕزگاركردن و كارى تيمه‌ فرياگوزارييه‌كان كرد كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى لافاوه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌كار بوون و به‌هاناى لێقه‌وماوانه‌وه‌ چوون.

پارێزگار هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ داموده‌زگا و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان له‌كاردان و به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن و كارى پێويست ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

Back to top button