مه‌سرور بارزانى: لیژنەیەکی تایبەتمان راسپاردووە بۆ ئەوە بزانین کەمتەرخەمییەکان چین.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوای سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگادندن بۆ زیانه‌كانی لافاوی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی شاری هه‌ولێر،  هاوسۆزی خۆی بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی لافاوه‌كه‌ راگه‌یاند و گوتى: لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ و هۆكاره‌كانی راسپاردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن و بزانن كه‌ له‌ چ پڕۆژه‌یه‌كدا ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ر رێڕه‌وی ئاوه‌كه‌..

له‌ كۆنگره‌رۆژنامه‌وانيه‌كه‌دا، مه‌سرور بارزانی،سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،  گوتی: به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی روودانی لافاو ئه‌مجاره‌ زیانی گیانیشی به‌دواوه‌ بوو، وێڕای پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ كه‌سوكاری قوربانیان، ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زیره‌كان، پارێزگاری هه‌ولێر و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌ران بكه‌م، كه‌ هه‌ر له‌ كاتی رووداوه‌كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵكی لێقه‌وماودا كرد و هه‌رچی پێویست بوو بۆ هاوكاریكردنیان درێغییان نه‌كرد.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها گوتيشی: به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ كاره‌ساتێكی سروشتییه‌ و به‌هۆی بارینی بارانێكی زۆره‌وه‌ ئه‌مه‌ روویدا، هه‌رچه‌ند جگه‌ له‌ سوپاسگوزاری بۆ خودا هیچ كه‌سێك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رووداوانه‌ی نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ به‌دواداچوونیش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هیچ شوێنێك كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك هه‌بووبێت، ده‌ستنیشان بكرێت.

مه‌سرور بارزانى، هه‌وره‌ها سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌شی كرد، كه‌ هاوكاربوون له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵك و گوتی: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا بۆم روونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی روودانی ئه‌و لافاوه‌، داخستنی رێڕه‌وی ئاوه‌كه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون و فراوانبوونی شاری هه‌ولێر له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ره‌چاوی رێڕه‌وه‌ ئاوییه‌كان نه‌كراوه‌.

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زياتر گوتى،” لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ و هۆكاره‌كانی راسپاردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن و بزانن كه‌ له‌ چ پڕۆژه‌یه‌كدا ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ر رێڕه‌وی ئاوه‌كه‌. “

Back to top button