مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مستەفا کازمی پێگەیشت
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی فیدرال پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆك وەزیرانی فیدرال، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانیانی ئەمڕۆی لافاوی هەولێر دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.
لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئەو رێکارانە کرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویەتەبەر بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە. سەرۆك وەزیرانی فیدرال، دڵنیاییدا کە حکومەتی فیدرالی، هەر رێکارێکی پێویست بێت ئەنجامی دەدات بۆ هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی کارەساتی لافاوەکە.
لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا کرایەوە، لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی و بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکانی عێراق.