نێچیرڤان بارزانی: بەبڕی یەک ملیار دینار هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی هەینیی هەولێر دەکات
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی هەینیی هەولێر دەکات کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆری گیانی و دارایی کەوتەوە.
“هاوکارییەکان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە و لە رێگەی دەزگای روانگە دابەشدەکرێت، هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەبێت.”
وەکو لە راگەیێندراوی روانگەدا هاتووە، هاوکارییەکە بریتییە لە تەرخانکردنی بڕی یەک ملیار دیناری عێراقی کە ئەو بڕە پارەیە تایبەت دەکرێت بۆ ئەم پێداویستییانە:
– تەرخانکردنی بۆ کەلوپەل و پێداویستیی ناوماڵ
– دابینکردنی خۆراک
– هاوکاریکردنی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان لە پاککردنەوە و رێکخستنەوەی خانوو، باڵەخانەکان.
هاوکارییەکان لە بەرەبەیانی 18-12-2021 دەستپێدەکات و تاوەکو جێگیربوونەوەی ماڵباتە زیانبەرکەوتووەکان بەردەوام دەبن.