لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە روودانی لافاو بەرێوە چوو
لە دوای ئامادە بوونی خۆی لە پارێزگای هەولێر لە رۆژی روودانی لافای هەولێر ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمان دەکات بە پێک هێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوەی و دەرخستینی هۆکارەکانی درووستبوونی لافاو ، کە بۆچی دەبێتە هۆکاری ئەو هەموو زیان و خەسارانە .
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕیارە لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارى دروستبوونى لافاو لە شارى هەولێر و دەستنیشانکردنى رێگهچارە بۆ بەرگرتن و دووبارەنەبوونەوەى لافاو لە شارى هەولێر ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە سەرۆك و ئەندامانى لێژنەى ناوبراو ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى پێڕاگەیاندن، کە لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە هۆکارى دروستبوون و دووبارەبوونەوەى لافاو لەشارى هەولێر بکەن، بۆ ئەوەى بزانرێت كهمتهرخهمیی و کێشەكان له كوێ ههبووه و لەکوێش دەستکارى و رێگرى لە كهندەکان کراوە، کە بۆتە هۆکارى دروستبوونى ئەو لافاوە.
هاوکات تەئیکدى لەسەر ئەوە کردەوە، کە بەهیچ شێوەیەك نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و خاوەن پڕۆژهیەك بکرێت، کە دهستدرێژی كردبێتە سهر رێڕهوی ئاو، یان بهشێوهیهك لە شێوەکان پڕۆژهكانیان لەسەر رێڕەوى ئاو جێبهجێكردبێت و ئەمجۆرە رووداوە نەخوازراوانەى لێكەوتبێەوە.
لە کۆتاییشدا ئۆمێد خۆشناو بەڵێنیدا هەموو ئەوانەی دهستنیشانکرا کاریان لەسەر بکات و بەپەلە رێگهچارەى یەکجارەکی بۆ بەرگرتن لە دووبارەنەبوونەوەى لافاو بدۆزێتەوە.