پارێزگارى ههولێر: زیانەکانی لافاوەکە بە 21 ملیار دینار دەخەملێنرێت
پارێزگاری هەولێر لهبارهى زیانەکانی لافاوەکە دوو رۆژ لەمەوبەری چەند گەڕەک و ناوچەیەکی هەولێری خستەڕوو، رايگهياند، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 12 کەس، زیانە مادییەکانیش بە 21 ملیار دینار دەخەملێنرێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كه ئهمرۆ يهكشهممه 19-12-2021 ئهنجامى دا و رايگهياند: “لافاوەکەی شەوی 17/12/2021، 15 شوێنی هەولێری گرتووەتەوە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، 10 کەسیان تەرمەکانیان گەیشتووەتە پزیشکی دادوەری و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، کە سێ هاووڵاتی هەولێر، کوردێکی ئیزدی، سێ هاووڵاتی بە رەگەز عەرەب، هاووڵاتییەکی تورک، دوو هاووڵاتی نیپاڵی بوون. تائێستاش دوو هاووڵاتی بێسەروشوێنن بەناوەکانی ئومێد شامل و منداڵێک بەناوی دانەر نەبەز”.
پارێزگارى ههولێر راشيگهياند: “لافاوەکە کاریگەری زۆر بووە و زیانە مادییەکانیش زۆرە، 2 هەزار و 509 خێزان ئاو چووەتە ماڵەکانیان، هەروەها 402 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و دیوارەکانیان رووخاوە یان دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکچووە، 867 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، کە ژمارەیەکیان ئۆتۆمبێلی حکومین لەکاتی چوونی تیمەکان بۆ هاوکاریکردنی خەڵک کەوتوونەتە ژێر ئاو، 153 دوکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەراج زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زیان بە ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوتووە”.
ئومێد خۆشناو، راشیگەیاند: “زیانی زۆریش بەر رێگاوبان و تۆڕی کارەبا و ئاو و پرد و قوتابخانە و بینایەی حکومی کەوتووە، هەردوو بەنداوی بچووکی بێستانە و کەردز زیانیان بەرکەوتووە و مەترسیان لەسەرە ئێستا تیمەکانمان لەوێن کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان”.
پارێزگاری هەولێر گوتيشى: “بە گشتی زیانەکانی لافاوەکە بە 21 ملیار دینار دەخەملێنرێت”.
ههر له كۆنگره رۆژنامهوانيهكهيدا پارێزگارى ههولێر داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد “لە بودجەی فریاکەوتن پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت بکات، کە مافێکی دەستووری و یاسایی خۆمانە، بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە”.
له كۆتاييدا، خۆشناو، گوتى: “بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانیانی لافاوەکەی هەولێر و کەسوکاریان، هەروەها ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات ریزگرتن لە گیانی ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییانەی چەند رۆژێک لەمەوبەر بەدەستی چەکدارانی داعش شەهید کران، وەک پارێزگای هەولێر بۆ سەری ساڵی نوێ هیچ چالاکییەکی فەرمی ئەنجام نادەین”.