سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان: سیاسەتی پەکەکە لەلایەن هەواڵگریی وڵاتانی داگیرکەرەوە دادەڕێژرێت
سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیەنێت، سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دژی گەلی کورد لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە دادەڕێژرێت.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا کە حزبەکەی یەکێکە لە پارتەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ENKS) رايگەیاند: پەکەکە لە سەرەتای دروستبوونیەوە کە ”بە فەرمانی هەواڵگریی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دروست بووە“، بە ناوی جۆراوجۆرەوە ئامرازێکە بە دەستی ئەو وڵاتانەوە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دوژمنکارانە دژ بە ئیرادە و داوا رەواکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
عەبدولڕەحان ئاپۆ هەروەها رایگەیاند: هێرشکردنە سەر دەروازەی سێماڵکا و هێرش بۆ سەر ئاهەنگی ئەنەکەسە لەرۆژی ئاڵای کوردستان لەلایەن چەکدارانی سەر بە پەکەکە و “هەمووی لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە پێسپێردراو و ئەجێندا دەرەکییانەوەیە، کە دژی ئیرادەی گەلی کوردستان و کێشە رەواکەیەتی لە رۆژئاوای کوردستان”.
ئەو سەرکردەیەی رۆژئاوای کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە: پەکەکە ساڵی 2003 لە رۆژئاوای کوردستان پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و ئەجێندای خۆی کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بۆی دادەڕێژن، دروست کردووە.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ كه بۆ باسنيوز قسهى كردووه بە پێویستی دەزانێت ”بە وشیارییەوە“ مامەڵە لەگەڵ پەکەکە و دەزگا هەواڵگرییەکانی پشتیەوە بکرێت بۆ ئەوەی گەلی رۆژئاوای کوردستان بگاتە کەناری ئارامی، ”کە پێموایە ئەو رۆژە زۆر نزیک بووەتەوە“.