په‌كه‌كه‌ رۆژ دوای رۆژ هێز و گرووپی زیاتر له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات

خواكوڕك

لیوا عەزیز وەیسی فەرماندەی ھێزەکانی زێرەڤانی رایده‌گه‌یه‌نێت، “پەکەکە دەچێت خەڵک دەکوژێت و خەڵکی نانبڕاو دەکات و دەست بەسەر ماڵ و حاڵی خەڵکدا دەگرێت و خەڵک دەردەکات و لە ھەمانکاتدا لە ھەولێر خۆپێشاندان دەکات و دەچێتە بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان و دەچێتە بەردەم کونسوڵخانەی تورکیا و رۆژانە لە مەخموور ھێز دروست دەکات و ھەتا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان قسەیەکی پێیان نەگوتووە”.

فەرماندەی ھێزەکانی زێرەڤانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاندووه‌، “لەشکری رۆژ، پێشتریش مەشق و راھێنانییان تەواوکردبوو، خەریکی جێگیرکردن بوون لەسەر سنوور، بەڵام تیرۆریستانی داعش پەلاماری ھەرێمی کوردستانییان دا، ئەو کاتەش ھەموو دونیا دژی ئەو گرووپە وەستایەوە، تەنانەت چەند نیشتمانپەروەرێک لە دەرەوەی وڵات ھاتنەوە و لێرە شەھیدبوون لە کاتێکدا ئەوان لە ژیانێکی خۆشدا بوون بەڵام شەڕی دژبە تیرۆریستانیان ھەڵبژارد”.

ده‌شڵێت، “ئامانجی داعش ئەوە بوو کە خەونی کورد لەناوببات و مێژوو بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە بەڵام ئامانجەکەیان تێکشکێنرا و لەشکری رۆژ لەو کاتەدا شانبەشانی پێشمەرگە کاری دەکرد و بەفەرمانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە میحوەرەکان جێگیرکران لەبەر ئەوەی لەشکری رۆژ لەلایەن ھێزی زێرەڤانییەوە مەشق و راھێناییان پێکرابوو، ھەر بۆیەش لە چوارچێوەی ھێزی زێرەڤانیدا دژبە داعش لە میحوەرەکان جێگیرکران”.

سەبارەت بەھۆکاری دروستبوونی لەشکری رۆژ و ئامانجەکانی ئەو ھێزەش، لیوا عەزیز وەیسی گوتی: “لەشکری رۆژ بۆ رۆژئاوا دورستبووە و ئەنەکەسە رازی بووە کە ئەوە ھێزی چەکداری ئەوانە و ئەوان پێیان وایە ھەتا کیانێکی نیشتمانی دروست دەبێت، ئەوا پێویستە ئەو ھێزە ئەوان بپارێزێت”.

هه‌وره‌ها ده‌شڵێت، “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ھێڵە و ئەمڕۆ لەشکری رۆژ بەڕەنگێکی زۆرجوانتر مەشقیان پێ دەکرێت و ئامادە دەکرێن، ئەو ھێزە زۆر شەڕکەرە و دڵیان زۆر پڕە و دەبێت رێز لە ئیرادەی ئەوان بگیرێت، بەپێچەوانەوە دەبێت پەکەکە تەحەمولی ھەموو کاردانەوەیەک بکات”.

فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی گوتیشی: “خەڵک سادەیە و لەوە تێناگات کە پەکەکە خەریکی بوختان و درۆ و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە، ئێمەش دەتوانین بڵێین پەکەکە لە ئەنقەرە دروستبوو، داعشیش لە ئیمڕاڵی بە هاوکاری ئەرگەنەکۆن دروستبوو بەڵام ئێمە نامانەوێت قسەی وا بکەین و ئەوە ئەخلاقی ئێمە نیە، بۆیە دەبێت پەکەکە دەست لە پڕوپاگەندە هەڵگرێت”.

Back to top button