فراکسیۆنى پارتى: هەندێک فراکسیۆن ئامادە نەبوون.. دەبوو هەموو فراکسیۆنەکان بەرگرییان لە خەڵکى هەولێر بکردایە

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌باره‌ى به‌رێوه‌چوونى دانيشتنى ئه‌مرۆى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌باره‌ى لافاوه‌كه‌ى هه‌ولێر و به‌شدارى نه‌كردنى چه‌ند فراكسيۆنێك دەڵێ، ھەندێ فڕاکسیۆنی نێو ئەنجوومەن، ئامادە نەبوون لەسەر لافاوەکە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن كه‌ دەبوو هەموو فراکسیۆنەکانى هەولێر بەرگرییان لە خەڵکى هەولێر بکردایە.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مرۆى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، رایگەیاند: “ئەمڕۆ بە واژۆی ١٢ ئەندامی ئەنجوومەن، فڕاکسیۆنی پارتی و تورکمان و کریستیان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن، کۆبونەوەیەکی نائاساییمان لەبارەی لافاوەکەی شاری ھەولێر و ھاوکارییەکەی بەغدا ئەنجام دا، بەڵام فڕاکسیۆنەکانی  یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئامادە نەبوون بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن”.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی گوتیشی: “لافەوەکەی ھەولێر ھیچ پەیوەندی بە پرسی سیاسییەوە نییە و ئەرکی ھەموومانە کار بکەین بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و ھەر لە یەکەم ساتی رووداوەکەشدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بوونە بۆ بەھانەوەچوونی ئەو ھاووڵاتیانەی بە هۆی لافاوەکەی رۆژی ھەینی زیانیان بەرکەوتبوو”.

خەیلانی روونیشی کردەوە: “بەھانەوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاو ئەرکی ھەموو لایەکە و سوپاسی پارێزگای دھۆک و خەڵکی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەین، کە ھاوکار بوون لەگەڵ خەڵکی ھەولێر، ”

 

گوتيشى:” ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دابینی کردووە بۆ لافاوەکەی ھەولێر، زۆر کەمە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە ھاوکاریی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئەمە حەوت ساڵە بەشەبودجەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بڕدراوە لەلایەن بەغداوە و ناردنی دوو ملیار دیناریش  زۆر کەمە بە گوێرەی قەبارەی زیانی لافاوەکەی ھەولێر”.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانيه‌كه‌يدا خه‌يلانى زياتر گوتى: “داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین پێداچوونەوە بەو بڕیارەی خەرجکردنی پارە بۆ زیانلێکەوتووانی شاری ھەولێر بکات و وەک ھەموو وڵاتانی جیھان ئەرکی خۆی لە قەرەبووکردنەوە و گەیاندنی ھاوکاری بە زیانلێکەوتووان جێبەجێ بکات”.

ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-12-2021 كۆبوويه‌وه‌ و ھەرسێ فڕاکسیۆنی پارتی و تورکمان و کریستیان داوایان لە بەغدا کرد پێداچوونەوە بە ھاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر بکات،

Back to top button