سەرۆکی شاندی پەیمانگای واشنتۆن: هاوكاری كوردستان دەكەین بۆ راگەیاندنی سەربەخۆی

خواكوڕك

 

دكتۆر مایكل نایتس، سەرۆكی شاندی پەیمانگای واشنتۆن بۆ کاروباری سەربازی و ئەمنیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو، لەمیانی دیدارێكی میدیایی دا رایگەیاند كە یەكرێزی هێزەكانی كوردستان و بەتایبەت ( پارتی و یەكێتی) هاوكاری یەكجاری زۆری دەبێت كە كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی رابگەێنێت، هەروەها پشتیوانیی ئەمریکای بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان دەربڕی و ڕای گەیاند”.

لە دیدارێكی دا لەگەڵ كەناڵی كوردستان 24 دكتۆر مایكل نایتس لە پەراوێزی پێنجەمین دیداری سلێمانی گوتی کوردەکان بە ڕوونی ئەو مافەیان هەیە کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. پرسیار ئەوەیە کە چۆن دەتانەوێت سەربەخۆ بن؟ واشنتۆن دەیەوێت لەوە دڵنیابێت کە ئایا کوردستان ئەگەر سەربەخۆ بێت، دەتوانێت سەربەخۆ بێت؟ یان چواردەوری بە نەیارانی گیرابێت؟ بیرۆکەی ڕیفراندۆم شتێکی باشە و لەو ڕێگەیەوە دڵنیا دەبینەوە کە کوردەکان دەیانەوێت سەربەخۆ بن، واشنتۆنیش هاوکار دەبێت و لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی هەرێمیش گفتوگۆ دەکات”.

دكتۆر مایكل ئەوەشی راگەیاند، خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر هاوڕێی ئەمریکا و ڕۆژئاوان، بەڵام جیاوازی لەبارەی لەیەكچوونی (سەربەخۆی ئیسرائیل و كوردستان) دەلێت کەیسی کوردستان و ئیسرائیل جیاوازی هەیە، دوژمنەکانیشیان جیاوازە. ئێستا ئەوان بەهێزترن. پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا تاڕادەیەک تایبەتە، لە ئەمریکا هەزاران جوو هەن کە لە حکوومەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەمریکادا کار دەکەن، لۆبی نێوان هەردوولا زۆر بەهێزە. بە دڵنیاییەوە کوردستان باشترین هاوپەیمانی ئێمەیە لە عێراق و تەواوی هەرێمەکە، بەڵام پەیوەندییەکان هەندێک جیاوازییان هەیە. تائەوکاتەی بزانین کە کوردەکان یەکگرتوون، یەکێتی و پارتی یەکگرتوون، ئەمە پشتیوانییەکی باشترە بۆ پرسی سەربەخۆیی“.

هەروەها گوتیشی ئەمریكا دڵخۆشە بە نزیك بوونەوەی یەكێتی و پارتی لەیەكتر و ئەمەش هەنگاوێكی مەزن دەبێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆی كوردستان، چونكە ئەو دوو هێزە لەماوەی رابردوو لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان هاوشان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دژی داعش وەستانەوە، كاری هاوبەشی زۆریان كرد لەگەڵ ئەمریكا”.

Back to top button