حكومه‌ت 60 ملیار دیناری دیکەى بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخان كرد

جێگری پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، ٦٠ ملیار دیناری دیکە بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخان دەکرێت و ١٢٠ پڕۆژەی پێ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەیەک کراوە بۆ چۆنیەتیی دابەشکردنی پارەکە بەسەر ناوچەکاندا.

مەسعوود محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ لە ساڵی تازەدا، لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ٦٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان کردووین، بۆ ئەوەی پڕۆژەی تازە بۆ ھەولێر ئەنجام بدەین، بۆ ئەو مەبستەش لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان کۆبوونەوەمان کردووە بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان، کە بۆ ھەر ناوچەیەک چەند پڕۆژە بێت”.

جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: “ھەوڵ دەدەین ئەگەر لەمساڵدا ھەر کەموکوڕییەک ھەبووە، جارێکی دیکە دیراسە بکرێتەوە و لە رێگەی ئەو پارەیەی تەرخان کراوە، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ ئەنجام بدەین”.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: “بەو ٦٠ملیار دینارەی بۆمان تەرخان دەکرێت، ١٢٠ پڕۆژەی پێ ئەنجام دەدەین، بەڵام رەنگە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و قایمقامەکان ئەگەر پڕۆژەیەکی گەورە بێت بیکەنە دوو پڕۆژە یاخود دوو پڕۆژەی بچووک بکرێتە یەک پڕۆژە و ئەگەری گۆڕانکاری ھەیە، بۆیە دیراسەی دەکەین چۆن باش بێت پڕۆژەکان بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێن”.

دەشڵێ، ئەو پڕۆژانەی ئەنجام دەدرێن، بە پێی پێویستیی ناوچەکان دەبێت و ھەموو سێکتەرەکانیش لە خۆ دەگرێت.

Back to top button