چالاكوانێكى سياسيى: بەهۆی پەکەکەوە نیوەی خەڵکی کورد رۆژئاوای کوردستانیان جێهێشتووە
چالاکێکی سیاسیی کوردی رۆژئاوای کوردستان جەخت دەکاتەوە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەزاران گەنجی کوردی خستوونەتە جەنگێکەوە، کە هیچ خێری بۆ گەلەکەمان نییە، ئەمە جگە لەوەی بووەتە هۆی ئەوەی 50%ی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، لەوەتەی ناوچەکەی لە رژێمی سووریا رادەست کراوە، بۆ دەرەوە کۆچ بکەن.
شێخ نەبی فازڵ، چالاکوانی سیاسی، گوتی: “پەکەکە هیچ دەسکەوتێکی لە رۆژئاوای کوردستان نەهێناوەتە دی و تەنیا ئەجێندای دوژمنانی جێبەجێ کردووە، کە وەک ئامراز بەکار هێنراوە و بەوپەڕی دڵسۆزیی ئەرکەکەی جێبەجێ کردووە، کە خۆی لە چۆلکردنی ناوچەی رۆژئاوای کوردستان دەبینێتەوە، لە هەموو توانا زانستی و مرۆیی و ئابووری و سیاسییەکان، بەجۆرێک، هەزاران گەنجی خستووەتە مەیدانی جەنگێک، کە هیچ خێروبێرێکی بۆ گەلەکەمان نییە، ئەمە جگە لە چاندنی رق و کینە لەنێوان گەلەکەمان و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا”.
فازڵ گوتیشی: “پەکەکە بووەتە هۆی ئەوەی 50%ی گەلی کورد لە سەرەتای تەنگژە و رووداوەکانی سووریا تا ئەمڕۆ بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە دەرهەق بە گەلەکەمان پەیڕەوی کردووە، کە خۆی لە بەزۆر کردن بە سەرباز و خستنەبەر خوێندنی ئایدیۆلۆژی و قبووڵنەکردنی رای جیاواز دیوەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە هەموو ئەوانە وایان کردووە، ئەو دەسەڵاتە ببێتە هۆکاری لەناوبردن و وێرانکاری.
سەبارەت بەوەی، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرەڕای هەموو ئەو هاوکاری و خزمەتەی پێشکەشی کردووە، لە باری سیاسییەوە دانی بە پەیەدە و دەسەڵاتە خۆسەرییەکەیدا نەناوە، فازڵ دەڵێ: “هۆکاری ئەوەی ناسنامەی سیاسیی ئەو پارتە روون نەبێ، ئەو بیری ناڕۆشنەی لەسەری دەڕوا و ئەو پرۆژەی خەیاڵییەی راگەیاندووە، وەک پرۆژەی گەلی دیموکرات، ئەمانە وایان کردووە هاوپەیمانان بەشێوەیەکی گشتی و ئەمریکاش بەتایبەت وەک هاوبەشی ئەمنی و هێزی بەکرێگیراو مامەڵەی لەگەڵدا بکەن”. راشیگەیاند: “خودی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زیاد لە بۆنەیەک ئەمەی راگەیاندووە”.
ئەو چالاکوانە سیاسییە دووپاتیشی کردەوە: “دۆخی ئاوارەکانی ئێزدی لە کەمپ و خێوەتگاکاندا هەر وەک خۆی ماوەتەوە، ئەویش بەهۆی رێککەوتنی نێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە بۆ مانەوەیان لە شنگال و شکستپێهێنانی رێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال”.
شێخ نەبی فازڵ، كه بۆ باسنيوز قسهى كردووه گوتیشی: “رژێمی سووریا دان بە مافەکانی کورددا نانێت، چونکە عەقڵیەتی رژێم سەرەڕای ملیۆنان قوربانی و شوێنبزربوو و ئاوارە و وێرانبوونی زیاتر لە نیوەی ژێرخانی سووریا، هیچ نەگۆڕاوە، هەموو ئەوەی رژێم لەسەری رەزامەندە ئەوەیە، کە پەیەدە لە چوارچێوەی یاسای ئیدارەی خۆجێیی بۆ رژێم بمێنێتەوە و زیاتر نا”.