مالیکی و عامرى، هه‌لوێستى خۆيان له‌باره‌ى بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی راگه‌ياند

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ راگەیاند و ده‌لێ: بڕیارەکە چاوەڕوانکراوبوو. هاوكات نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند،پابەندی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕالی دەبن لەبارەی پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە.
لە پۆستێکدا  دواى په‌سه‌ند كردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لايه‌ن دادگاى فيدراڵيه‌وه‌، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدرالی چاوەڕوانکراو بوو، بەهۆی دۆخی وڵاتەوە، چونکە ناکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی کەموکوڕی روون و بەڵگەی بەردەست هەبوون.”
ماليكى راشيگه‌ياند: “ئێمە هیوای ئەوەمان دەخواست، دادگای باڵای فیدراڵی دادگەر بووایە لەگەڵ زیانمەندان لە کوتلە و لیستەکان و کێشەی پەیوەست بە کۆتای ژنان”.
هاوكات لە راگەیێندراوێکدا ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 27-12-2021 دواى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕه‌ت كردنه‌وه‌ى تانه‌كه‌يان له‌لايه‌ن دادگاى فيدراڵى، نووسینگەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح يش رايگه‌ياند، “لە سۆنگەی ئەوپەڕی سووربوونمان لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و یاسا و ترسمان لە سەقامگیریی عێراق لە رووی ئەمنی و سیاسییەوە، باوەڕبوونمان بە پرۆسەی سیاسی و رێچکەی دیموکراسی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدان، پابەندین بە بڕیاری دادگەی فیدڕالی”.
له‌ راگه‌يێندراوه‌كه‌ى نووسينگه‌ى سه‌رۆكى هاوپه‌يمانى فه‌تح هه‌روه‌ها هاتووه‌: “لەگەڵ ئەوەی بڕوای قووڵ و تەواومان بەوەیە کە پرۆسەی هەڵبژاردن ساختەکاری و دەستکاریکراوە، هەروەها ئەو تانەشی پێشکێش بە دادگەی فیدڕالیمان کردبوو لۆژێکی و قبووڵکراو بوو، ئەگەر پێشکێشی هەر دادگەیەکی دەستووری لە هەر وڵاتێک بکرایە، ئەوا بەس بوو بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دووپاتی دەکەینەوە کە پابەندین بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، کە رووبەڕووی گوشاری زۆر گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە”.
Back to top button