پارتی: دەستبەرداری دوو کورسییەکەمان نابین … لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ وەرگرتنەوەی

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژادنی پارتی رایدەگەیەنێت، دوای دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، لە هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو دوو کورسیە بەردەوام دەبن، کە بە ستەم لە بازنەی سێی هەولێر و بازنەی دووی نەینەوا لە پارتی بردراون.

هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژادنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندووه‌: “سەبارەت بە بەدواداچوونمان بۆ ئەو دوو کورسییەی کە بە غەدر لە پارتی بردراون، بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 52  لە دەستووری عێراق، دوای ئەوەی پەرلەمان دەستبەکار دەبێت هەر لایەنێک کە تانەی هەیە لەسەر ئەنجامەکان دەتوانن بەدواداچوونی یاسایی بکەن لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەگەر بتوانرێت دروستی ئەوە بسەلمێنرێت کە ئەو پەرلەمانتارانە لەسەر حسابی پەرلەمانتارانی ئەوان سەرکەوتوون دەتوانن ئەو مافە بۆ خۆیان بگێڕنەوە، ئەگەر لە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش رەتکرایەوە دەکرێ جارێکی دیکە لە دادگای فیدراڵی بەدواداچوون بکرێتەوە و تانەی لێبدرێتەوە”.

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژادنی پارتی، گوتووشيه‌تی: “تانەکانمان لە بازنەی 3ی هەولێر و بازنەی 2ی نەینەوایە”.

دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ پەسند کردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هاوار محەمەد گوتوويه‌تی: “دادگای فیدراڵی هەوڵیدا لەنێوان لایەنە پیشەیەکەی و لایەنی سیاسی هاوسەنگی دروست بکات، لایەنگری نەکات لە تەشەنە کردنی کێشەکانی عێراق، لەوەشیان سەرکەوتوو بوو، وەک بینیمان دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان تەواوی لایەنەکان بەوانەشەوە کە ناڕازی بوون پێشوازیان لە بڕیارەکەی دادگا کرد”.

Back to top button