قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتوانى لافاوى یەکەمى هەولێر کۆتایی هات
پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، زیانی لافاوەكەی 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر، نزیكەی 21 ملیار دینار بوو، ئەو بڕە پارەیەشی كۆ كراوەتەوە بۆ زیانلێكەوتووان، بریتییە لە چوار ملیار و 460 ملیۆ دینار.
ئهمڕۆ چوارشهممه ٢٩ی ١٢ی ٢٠٢١، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر له پرێس كۆنفرانسێكدا باسی لەوە کرد، کە لە رۆژى ٣٠ی١٠ و ١٧ی١٢ى ئەمساڵ، دوو لافاو لە هەولێر روویان دا، کە زیانێکى زۆری مرۆیی و دارایی لە هەولێر دا، بۆ لافاوى یەکەم، کە بڕیار درا قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمڕۆ دوایین رۆژە تایبەت بە قەرەبووکردنەوەى لافاوى یەکەم، کە زیانەکانى بە بری پێنج ملیار دینار و ٨٥٣ ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، کە لەلایەن دەزگا خێرخوازییەکان و کەسایەتییەکانەوە چوار ملیار و ٤٦٠ ملیۆن دینار هاوکارى کراوین و بڕی یەک ملیار و ٣٩٣ ملیۆن دیناریش لەلایەن حکوومەت دابین کراوە.
ئهوهشى خسته ڕوو، لە رۆژى ٣٠ی١٠ی٢٠٢١ لافاو لە گوندى کۆری و شاری زێڕین و گردجووتیار و تەقتەقى داوە و بەو هۆیەوە ٨٢٦ خێزان ناوماڵ و کەلوپەل و خانووەکانیان تێکچووە و ٣١٣ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە، ئەوە جگە لە تێکچوون و زیان گەیشتن بە موڵکى میری و شوێنە گشتییەکان و چارەسەرکردنى ڕێڕەوى ئاو.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئومێد خۆشناو، گوتى: “لە لافاوى دووەمى هەولێر، کە رۆژى ١٧ی١٢ لافاو لە ١٥ شوێنى پارێزگاى هەولێری داوە، کە بەو هۆیەوە سێ هەزار و ٢٧٦ فۆرم لەلایەن زیانلێکەوتوانى ئەو لافاوەوە پڕکراونەتەوە، کە دوو هەزار و ٧١٧ خانوو ناوماڵیان نەماوە و هەزار و ٢٦ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە و ٣٧٥ خانووش دیوار و دەرگایان تێکچووە”.