دەستەی وەبەرهێنان: 9 ناوچەی پیشەسازیی گەورە لە 2022 له‌ كوردستان دروست دەکرێن

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: له‌م ساڵدا 68 مۆڵه‌تی پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان دراوه‌ و،9 ناوچەی پیشەسازیی گەورەش لە 2022 دروست دەکرێن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانيدا ئەمڕۆ چوارشەممە 29-12-2021،دکتۆر محەممەد شوکری،سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان ئاماری کار و چالاکییەکانی دەستەکەیانی بۆ ساڵی 2021 و پلانیان بۆ ساڵی 2022 خستەڕوو، رايگه‌ياند ، “ساڵی 2021، ساڵێکی پڕ لە وەبەرهێنان بووە لە کوردستان، بە دووەم ساڵ دێت لە رووی قەبارەی پارەی وەبەرهێندراو لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2013، کە ئاماژەیەکی زۆرباشە سەرەڕای ئەو قەیرانانەی لە دونیادا هەبوونە بە تایبەتی بابەتی کۆرۆنا و ئەو قەیرانانەی کە پەیوەست بوونە بە دۆخی سیاسی لەگەڵ عێراق و ئەو کێشانەی لەسەر بودجە هەبووە، لەگەڵ ئەوەش ساڵی 2021 لە رووی وەبەرهێنانەوە ساڵێکی باش بووە”.
محەممەد شوکری، راشيگه‌ياند:” لە ساڵی 2021، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتى بە 68 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داوە. 902 پڕۆژەش لە هەموو هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار پەسندکراون، هه‌روه‌ها لە ساڵی 2021 رێبەری وەبەرهێنانمان بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەکردووە و بڵاوکردووەتەوە، کە سەرووی 1500 دەرفەتی وەبەرهێنانی تێدا خراوەتەڕوو، هەر لە پرۆژەکانی ژێرخانی ئابووری، بە تایبەتی دروستکردنی بەنداو، رێڕەو و رێگەی ئاو بۆ پرۆژەکانی کشتوکاڵ و پرۆژەکانی پیشەسازی، هەروەها دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی، لە 2021 دەستمان بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی کانی دهۆک کرد، ناوچەی پیشەسازیی عەربەت دەستی بەکارکردووە و لە 2022 تەواو دەبێت، ناوچەی تیمار لە رێگەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2022 دەدرێتە وەبەرهێنەران”.
سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كانى ساڵی 2022، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان گوتی: “لە پلاندایە 9 ناوچەی پیشەسازیی دیکەی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن كه‌ لە قۆناخی یەکەم 50 پڕۆژە لە هەموو هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان دەستنیشانکراوە، بە تایبەت لە کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار”.
له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانييه‌كه‌يدا محەممەد شوکری گوتيشى، “پشتیوان بە خودا لە 02-02-2022 کۆنفرانسی وەبەرهێنانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان دەبەسترێت، رێبەری وەربەرهێنانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان ئامادەیە،”
زياتر گوتى:”لە 01-03-2022 کۆنفرانسی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دەبەسترێت، رێبەری وەربەرهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادە دەکرێت”.
Back to top button