عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك: ئەو حزبانەی لە دوای نسکۆی ساڵی 1975ەوە دروست بوون، کوردایەتییان پێ فرۆشتینەوە و خەڵکیان چەواشە کرد

عه‌بدوڵاى كوێخا موباره‌ك، كەسایەتیى دیاری سنوورى گەرمیان له‌باره‌ى داستانى شارستێنه‌وه‌ ده‌لێ،” ئەو حزبانەی لە دوای نسکۆی ساڵی 1975ەوە دروست بوون، کوردایەتییان زۆر پێ فرۆشتینەوە و خەڵکیان چەواشە کرد، به‌ڵام داستانى شارستێن ئەو قسانە بەدرۆ دەخاتەوە و پێمان دەڵێت کە شۆڕشی کورد بە ماوەیەکی زۆر کورت توانیویه‌تی خۆی ڕێک بخاتەوە و بێتەوە ناوچەکە و لە جاران کاریگەرتر بەرەنگاری ڕژێمی بەعس ببێتەوه‌.”

له‌ نووسينێكدا ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، 30-12-2021، عەبدوڵای كوێخا موبارەك، له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) نووسيوويه‌تى: “باش لە فیکەی خۆیان دەگەن بۆیە کۆلکەنووسەر و مەکینەئیعلامییە سێبەرەکانیان خستۆتە کار تا دەستەکەیان کەشف نەبێت، کە چۆن مێژوویان شێواندووە و درۆیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە، بابەتی من لەسەر داستانی شارستێن بە بۆنەی یادکردنەوەی ئەو ڕووداوە مێژووییەوە بوو، بەڵام نایشارمەوە مەبەستم لە ڕاستکردنەوەی دوو چەواشەکاریش ھەبوو”.

له‌باره‌ى ڕاستكردنه‌وه‌ى  دوو چه‌واشه‌كاری یه‌كه‌وه‌ عەبدوڵای كوێخا موبارەك، كه‌ هاوكات كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌،  ده‌لێ: “یەکەم، ئەو حزبانەی لە دوای نسکۆی ساڵی 1975ه‌وە دروست بوون، کوردایەتییان زۆر پێ فرۆشتینەوە و خەڵکیان چەواشە کرد بەوەی کە ئەوان لە زەرووریەتی نەبوونی شۆڕش و چۆڵبوونی ساحەکەدا دروست بوون، بەڵام ئەم داستانە ئەو قسانە بەدرۆ دەخاتەوە و پێمان دەڵێت کە شۆڕشی کورد بە ماوەیەکی زۆر کورت توانیویه‌تی خۆی ڕێک بخاتەوە و بێتەوە ناوچەکە و لە جاران کاریگەرتر بەرەنگاری ڕژێمی بەعس ببێتەوە، ئیتر جگە لە نیەتی دووبەرەکی و پەرتەوازەكردنی کورد، چی زەروور بوو ببنە چەند حزب و چەند بەرەیەکی دژ بە یەک و ساڵانێک لەو زەمەنەدا شەڕی یەکتر بکەن”.

عەبدوڵای كوێخا موبارەك، سه‌باره‌ت به‌ خالى دووه‌ميش ده‌لێت: ” ساڵانێکە وەجھێکی توندڕەوانە و دێوئاسایان لەم ناوچەیەی ئێمەدا بۆ سەرکردەیەکی کورد (دکتۆر کەمال کەرکووکی) دروست کردووە، بەڵام کە لێی نزیک دەبیتەوە، تەواو ھەست بە بێویژدانی دەکەیت و تەواوی ئەو قسە و بوختانانە دوورن لە ڕاستییەوە، دەبینی ئەو پیاوە تەواو ماندوو و شەکەتی کوردایەتی و نیشتمانپارێزییە، ئەندامێکی جەستەی بە ساغی نەماوە و چەندین جار بریندار بووە، نیو سەدەیە خەبات دەکات و سەرکردە و بڕیار بەدەستە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ھیچ کەس و لایەنێک نەیتوانیوە باسی بچووکترین گەندەڵی بکات و لێوان لێوە لە پاکی، ھیچ کەسێک نییە بتوانێت بڵێ ئەو پیاوە غەدری لێم کردووە، ھیچ کوڕ و برا و کەسێکی لە ساحەکەدا دیار نین و غەدریان لە کەس نەکردووە، ئێستاش بەو تەمەنە و بەو شەکەتی و بەو ھەموو زامەوە، شەو و ڕۆژی خستۆتە سەریەک بۆ کوردایەتی و نیشتمانپارێزی و لە خزمەتی کوردستان بە گشتی و کەرکووک دایە بە تایبەتی”.

له‌ كۆتايى نووسينه‌كه‌شى، عه‌بدوڵاى كوێخاى موباره‌ك ده‌ڵێ،” با دەرس لە ڕابردوو وەربگرین،چیمان لە درۆ و چەواشەکاری و فریودانی میللەتەکەمان دەست کەوتووە و دەست دەکەوێت؟ با ڕاستگۆیانە باسی باشەی خۆمان و ڕاستگۆیانە باسی کەموکورتیی ڕکابەرەکانمان بکەین”.

Back to top button