سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان : بڕى دوو ملیار دینار پێشکەشی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر کراوە

پارێزگارى هەولێر و سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، میکانیزمى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتوانى لافاوەکەى هەولێریان راگەیاند، بڕیار وایە لەدواى سەری ساڵ، جێبەجێ بکرێت، پارێزگارى هه‌ولێریش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بڕى یه‌ك ملیار دینارى وه‌ك قۆناغى یه‌كه‌م بۆ چاككردنه‌وه‌ى ڕێڕه‌وه‌كانى ئاوى هه‌ولێر و ڕێگرتن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى لافاو، خه‌رج كرد.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30/12/2021، د. محەمەد شوکری، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا گوتى: “دواى زیانلێکەوتنى لافاوەکەى هەولێر، ئێمە هەڵمەتێکمان راگەیاند و تا ئێستا ٢ ملیار و ١٨٢ ملیۆن دینار لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ هاوکاریى زیانلێکەوتوانى لافاوەکەى هەولێر کۆکراوەتەوە”.

هه‌ر له‌ هه‌مان پرێس كۆنفرانسدا ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر رایگەیاند: “لەگەڵ ئەو رووداوەى، کە لە هەولێر رووی دا، هەموولایەک کۆمەک و هاوکارییان پێشکەش بە خەڵکى هەولێر کرد، دواى ئەوەى کە دوێنێ ٢٩ی ١٢ دوایین زیانلێکەوتوانى لافاوى یەکەمی هەولێر قەرەبوو کرانەوە، ئەمڕۆش، هێشتا کاروانى کۆمەک بۆ زیانلێکەوتوانى لافاوى دووەم بەردەوامە، ئەو پارەیەى کە بۆ هاوکاریى هاتووە، تا ئێستا گەیشتووەتە پێنج ملیار و ١٠٤ ملیۆن دینار، ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دیناریش لەلایەن سەرۆکى هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستیى سەرەتایی دابین کراوە و یەک ملیار دیناریش لەلایەن سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان وه‌ك قۆناغى یه‌كه‌م بۆ چاككردنه‌وه‌ى ڕێڕه‌وه‌كانى ئاوى هه‌ولێر و ڕێگرتن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى لافاو، پێشكه‌ش به‌ پارێزگا كراوه‌ و تیمه‌كانیش كارى خۆیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك قۆنا ئەوە جگە لەو هاوکارییە مرۆییانەى، لەلایەن دەزگا خێرخوازییەکان بە شێوەى فریاکەوتن و هاوکاریى سەرەتایی پێشکەش بە زیانلێکەوتوان کراون”.

پارێزگارى هەولێر باسی لەوەش کرد، بە گشتى ئەو زیانانەى لە ئەنجامى لافاوەکەى رۆژى ١٧ی١٢ى هەولێر کەوتوون، بەم شێوەیەیە: سێ هەزار و ٢٧٨ زیانلێکەوتوو فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، کە دوو هەزار و ٧٧٥ خێزان ئاو چووەتە ماڵەکانیان و هەزار و ٧٨ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە و ٣٨٦ خانوو تێکچوونە، ١٤٠ دوکان و فرۆشگا زیانیان بەر کەوتووە، هەزار و ٢٩ سەر مەڕ و ماڵات لەناو چوونە، ٤٢ مۆلیدەى گەڕەکەکان تێکچوونە، ١٦٠ زەویى کشتوکاڵ زیانیان بەر کەوتووە و بەرهەمەکانیان تێکچووە، چوار حەوزى ماسی بەهۆی لافاو تەقیون و زیانیان بەر کەوتووە، هەروەها ١٠ کارگەى پیشەسازى ئاویان چووەتە ناو، نۆ مارکێت و مینى مارکێت و ٢٠ کۆگا لە ناوچەى قوشتەپە و دارەتوو تێکچوونە و هەروەها ٢٤ ماتۆڕسیکلیش بەهۆی ئاو تێکچوونە.

Back to top button