کەناڵەکەی شاسوار عەبدولواحید بەدرۆ دەخرێته‌وه‌

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ڕاپۆرتێکی کەناڵی  (NRT) سەر بە شاسوار عەبدولواحیدی بەدرۆ خستەوە له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى زیاتر لە سێ مانگە دەرماڵەی (٣١٨) منداڵی خانەکانی سەر بە چاودێرییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕاگرتووە و ده‌لێ: لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و دوای دەستبەکاربوونی وەزیری کار و ستافی نوێی دڵسۆزانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان و گۆڕانکارییە گرنگەکان، توانراوە چەندین هەنگاوی کرداریی شیاو بنرێت بۆ خزمەتکردن بە سوودمەندانی سەرجەم ماڵەکانی سەر بە وەزارەت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست ده‌زگاى ميديايى ( خواكوڕك ) كه‌وتووه‌ ئەمڕۆ، هەینی 31/12/2021، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كه‌ وه‌كو وه‌ڵام بۆ بڵاويكردۆته‌وه‌ و ڕاپۆرتێکی کەناڵی  (NRT) سەر بە شاسوار عەبدولواحیدی بەدرۆ خستەوە کە گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ مانگە دەرماڵەی (٣١٨) منداڵی خانەکانی سەر بە چاودێرییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕاگرتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا هاتووە : ”بەبێ بوونی بنەمای ڕاستگۆیی و ئەتەکێتی کاری ڕۆژنامەگەری، کەناڵی ئاسمانیی (NRT) ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە گوایە حکوومەتی هەرێم زیاتر لە سێ مانگە دەرماڵەی (٣١٨) منداڵی خانەکانی سەر بە چاودێرییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕاگرتووە و بارگرانی و کێشە دروست بووە”.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ده‌شلێت:”  بۆ دەوڵەمەند کردنی ڕاپۆرتەکەیان پشتیان بە دوو لێدوانی ناڕاست داوە کە یەکێکیان سەرۆکی توێژەرانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر کە دەبوو لەبەڕێوەبەری چاودێرییەکان زانیاری وەربگرن یان بەڕێوەبەری خانەکان نەک بەڕێزێک کە زانیاری دروستی لانەبێت، وە کەسی دووەم پەرلەمانتارێکی بەڕێز کە پێشتر خۆی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بووە و زۆرێک لەهەڵەکانی پێشتر گەر ڕوویدابێت لەسەردەمی بەڕێزیان بووە”.

لە راگەیەندراوەکەیدا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌روو کە لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و دوای دەستبەکاربوونی وەزیری کار و ستافی نوێی دڵسۆزانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان و گۆڕانکارییە گرنگەکان، توانراوە چەندین هەنگاوی کرداریی شیاو بنرێت بۆ خزمەتکردن بە سوودمەندانی سەرجەم ماڵەکانی سەر بە وەزارەت و بەوردی ئاماژەی بەو هەنگاوانە داوە کە بریتین لە:

١- لە هەنگاوێکی تەندروست و گرنگدا، خانەکان جیا کرانەوە لە ڕووی گونجانی باڵەخانە و شوێنی مانەوە کە پێشتر وەک کۆمەڵگەیەک هەموو لە یەک شوێن بوون و بچووک و گەورەکان پێکەوە بوون.

٢- سەرجەم منداڵانی سوودمەندی ناو خانەکان ڕۆژانەیان هەبووە بەپێی پۆلێنی قۆناغەکان کە منداڵانی تا قۆناغی سەرەتایی، واتە پۆلی شەش مانگانە (٣٠) سی هەزار دیناری هەبووە و قۆناغی ناوەندی و گەورەتر مانگانە (٤٥) چل و پێنج هەزار دیناری هەبووە کە منداڵێکی ئاسایی ناو خێزانیش بە شێوەی تەندروست هەمان ڕۆژانەی دەبێت.

٣- ئەو منداڵانەشی گەڕاونەتەوە ناو خێزان، بە هەمان شێوە سوودمەندن لەو مانگانەیە و بڕی (٧٠) حەفتا هەزاریش وەک خەرجیی خواردن خەرج دەکرێت بۆیان.

٤- منداڵانی خێزانی جێگرەوە مانگانە (١٠٠) سەد هەزاریان بۆ خەرج دەکرێت.

٥- سوودمەندانی ماڵی بەساڵاچووان مانگانە بۆ خەرجی گیرفانیان (٤٥) چل و پێنج هەزار دینار خەرج دەکرێت.

٦- لەم کابینەی نوێیەی وەزارەتی کار و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا توانرا بەشی پەککەوتەی ماڵی بەساڵاچوان بکرێتە پێشینەی خزمەتەکان و بە بەردەوامی لە ڕێگەی چاودێرەکانەوە خزمەتیان بکرێت و چاودێریی تەندروستی بەردەوامیان بکرێت و پیاوان و ژنان جیا بکرێنەوە.

٧- بەشێکی تایبەت بۆ منداڵانی کەمئەندام کرایەوە و بیست و چوار کاتژمێری چاودێریان بۆ دانراوە و لە ڕووی تەندروستییشەوە خزمەت دەکرێن و منداڵانی شەلەل دەماخیش خراونەتە سەنتەری ڕاهێنان و چارەسەر دەکرێن.

٨- ئەو منداڵانەی دابڕابوون لە خوێندن خراونەتەوە بەر خوێندن و هەموو پێداویستی هاتوچۆ و خوێندنیان بۆ فەراهەم کراوە.

٩- ئەو نەوجەوانانەی تەمەنیان گەیشتووەتە هەژدە ساڵ کە بەپێی ڕێنماییەکان و یاسای خانەکان دەبێت داببڕێن لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندییان بە خانەکانەوە نامێنێت، بەڵام خۆشبەختانە وەک ئەرکێکی مرۆیی خۆمان نەک داماننەبڕیون، بەڵکوو کارمان بۆ دۆزیونەتەوە و بەردەوامیش چاودێریمان کردوون و هەندێکیشیان لە ڕێگەی خێرخوازانەوە و بوونی دەفتەری تەوفیری خۆیانەوە توانراوە شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ بکرێت و بەشێکیشیان درێژەیان بە قۆناغەکانی خوێندن داوە و لە قۆناغەکانی زانکۆدان، یان ژیانی خێزانییان پێک هێناوە.

١٠- جیاواز لە هەموو ئەو خزمەتانە چەندین کەیسی بێلانە و نەخۆشی دەروونی و کێشەی ترمان وەک ئەرکی خۆمان لەئەستۆ گرتووەوە و ڕێنماییمان داوەتە هەموو بەشەکانمان کە بیست و چوار کاژمێر بە خەمی ئەو کەیسانەوە بن کە پێویستیان بە هاوکارییە کە زۆرینەی پەیوەندیی بە وەزارەتی ئێمەوە نییە.

١١- حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕی یەک ملیار دیناری دایە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و کرێی مانگانەی چاودێرەکانی خانەکان و سەنتەرەکانی ئۆتیزم.

١٢- بە هەوڵی زیاتری ئەم کابینەیەی وەزارەتمان ئەو منداڵانەی بۆ ماوەیەکی کەم هاتوونەتە خانەکان بڕی (٥٠٠) پێنج سەد هەزار خراوەتە دەفتەر تەوفیریان و ئەوانەشی ماوەیەکی زۆرە لە خانەدان بڕی دوو ملیۆن دینار خراوەتە حسابی دەفتەر تەوفیریان تا بۆ داهاتوو هاوکاریان بێت.

١٣- ساڵانە هەموو سوودمەندانی خانەکان، بەتایبەتی منداڵاکان لە وەرزەکاندا جلوبەرگ و پێڵاوی تەواویان بۆ دەکڕێت.

١٤- هەموو ماڵەکانی سوودمەندان سێ ژەمی خواردنی سەرەکی و دوو ژەمی لاوەکی میوە و شیرینییان ڕۆژانە بۆ دابین کراوە.

١٥- لە هەموو بۆنە و ئاهەنگەکاندا زیاتر لە جارێک سوودمەندەکان بەسەر دەکرێنەوە و بەردەوام بەپێی وەرز و ڕێنماییەکان چوونە دەرەوە و گەشت و سەیران بۆ هەموو سوودمەندەکان ئەنجام دەدرێت.

١٦- لە سەردەمی سەرهەڵدانی کۆرۆنا تا ئێستاش هێندە هەوڵەکان بۆ پاراستنی باری تەندروستیی سوودمەندەکان چڕ کرانەوە، خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان و مەترسی ڕووی نەداوە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی گەورەی خێرخوازان کە بەشێکی خزمەتەکان و هاوکارییە بەردەوامەکان لەلایەن ئەوانەوەیە، ئەو هەنگاوانە وەک بەشێک لەو خزمەتانە خراونەتە ڕوو کە پێشکەش بە سوودمەندانی ماڵەکانی سەر بە چاودێرییەکانی وەزارەت دەکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی هیوایشی خواستووە کە ڕاگەیاندنەکان وەک ئەرکی میدیایی و ڕۆژنامەگەریی خۆیان پیشەییانە بەدواداچوون بکەن بۆ شتەکان و ئەو کەسانەی لێدوانیش دەدەن دوور بکەونەوە لە ڕاکێشانی سۆز و عاتیفەی بینەر و ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ پلە و مەکانەتی خۆیان بکەن.

Back to top button