سه‌رۆكايه‌تيى په‌رله‌مانى كوردستان: داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان دەکەین بە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا،سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ری ساڵی نوێی پیرۆز ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان دەکەین بە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن.

له‌ راگه‌يێندراوه‌كه‌ى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌روه‌ها هاتووه‌:”داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بە یەکەوە وەکوو یەک کوتلەی بە هێز بەشداربن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کاربکەن بۆ چەسپاندنی زیاتری ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان.

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی، جوانترین پیرۆزبایی لەکوردستانیان و تەواوی گه‌لانى عێراق و جیهان دەکەین.

هیوای ساڵێکی نوێی پڕ ئارامی و کامەرانی بۆ هەمووان دەخوازین، خوازیارین ساڵی نوێ سەرەتاییەکی گەش بێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی مافەکانی هاووڵاتیان و بەهێزترکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە بۆ بەدیهاتنیان خەڵکی کوردستان قوربانییەکی بێ شووماری بۆ داوە.

لێرەشەوە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان دەکەین بە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن، و بە هەموومان زەمینەی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی کوردستانیان بڕەخسێنین.

هاوکات بە پێویستی دەزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی فیدراڵی رێککەوتنێکی گشتگیر لەبەر ڕۆشنایی بنەما دەستوورییەکان بۆ چارەسەركردنى تەواوی کێشەکانیان ئەنجامبدەن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشە و ناکۆکیەکان بدۆزنەوە.

بەم بۆنەیەشەوە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بە یەکەوە وەکوو یەک کوتلەی بە هێز بەشداربن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کاربکەن بۆ چەسپاندنی زیاتری ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتاییدا هیوادارین ساڵی 2022 ببێتە سەرەتای وێستگەیەکی نوێ بۆ زیاتر پێکەوەکارکردن بۆ ئایندەیەکی باشتر و بوژانەوەی زیاتری وڵات و کۆتاییهێنان بەسەرجەم ناخۆشی و نەهامەتییەکان، هاوکات بەهەموو لایەکمان هەوڵبدەین کوردستان بکەین بە خاوەنی دەستوورێک کە ماف و ئەرکی هەموو لایەک دیاری بکات و ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان

سەرۆکایه‌تیى پەرلەمانی کوردستان

 

Back to top button