بە فەرمانی مه‌سرور بارزانی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروست دەکرێت

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئاشکرای کرد، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشینان دروست دەکرێن.

گۆران عەوێنە، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت، ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینان بەردەوامن و بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەک شوققەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەسەر کرێشنینان و فەرمانبەران دابەش بکرێن، کە لە زیاتر لە ھەزار و 100 شوققە پێکھاتوون و بەشێکیان تەواو بوونە و بەشێکی دیکەشیان لە قۆناغی کۆتاییدان.

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان ده‌شڵێت، ئەو شوققانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دروست کراون و بەپێی خاڵ و لە رێگەی تیروپشکەوە دابەش دەکرێن، کە لە سنووری ھەر 10قەزاکەی پارێزگای ھەولێر دروست کراون.

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری داوە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێن بۆ چینی ھەژار و کەمدەرامەت، بڕیارە ئەو یەکانە بۆ خەڵکی ھەژار و کرێنشین دروست بکرێن بە بێ پێشەکی و بە نرخێکی ھەرزان بە شێوەی قیستی درێژخایەن بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەش بکرێن، ئەمەش ھەوڵێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینان و رزگاربوونیان لە کرێچێتی.

Back to top button