سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای رەوتی سەدری دەکات
لهدیدارێكی نێوان سهرۆك بارزانی و شاندێکی باڵای رەوتی سەدر ، جەخت لە بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی سیاسی و تێپەڕاندنی تەحەدیات و وەڵامدانەوەی ویست و ئیرادەی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای رەوتی سەدری بە سەرۆکایەتی شێخ حەسەن ئەلعەزاری کرد.
لە دیدارەکەدا رۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ھەنگاوەکان بۆ یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێکھێنانی حکومەتی تازەی عێراق.
ھەر لەو دیدارەدا جەخت لە بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی سیاسی و تێپەڕاندنی تەحەدیات و وەڵامدانەوەی ویست و ئیرادەی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کرایەوە، ئەویش لەچوارچێوەی راستەڕێکردنی پڕۆسەی سیاسی و ڕەچاوکردنی داخوازیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق.