كۆمیسیۆن واده‌ی دابه‌شكردنی پاره‌ی چاودێرانی هه‌ڵبژاردنی دیاری كرد

دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوومانگ بەسەر هەڵبژاردنی گشتی عێراق كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگەیاند، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا پاره‌ی چاودێرانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت.

عیماد جه‌میل ئه‌ندامی تیمی ڕاگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند: بڕی پاره‌ی تایبه‌تی چاودێرانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌یه‌ و له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا دابه‌ش ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ په‌ڕاوی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ڕایگه‌یاند: به‌گوێره‌ی یاساكانی كۆمیسیۆن دوای تێپه‌ڕبوونی 6 مانگ به‌سه‌ر په‌سندكردنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بڕیار له‌سه‌ر له‌ناوبردنی سه‌رجه‌م ئه‌و په‌ڕانه‌ ده‌درێت كه‌ هاووڵاتییان ده‌نگیان له‌سه‌ر داوه‌.

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشتر ئاشكرای كردبوو كه‌ بڕی 150 هه‌زار دینار له‌گه‌ڵ سوپاسنامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌و چاودێرانه‌ ده‌كرێت كه‌ فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌ت و له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا وه‌ك گرێبه‌ست كارییان بۆ كۆمیسیۆن كردووه‌، هه‌روه‌ها بۆ قوتابییانی ده‌رچووی زانكۆش بڕی 250 هه‌زار دیاری كراوه‌.

Back to top button