ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
بڕیار وایە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی کۆببنەوەو ئامانجی کۆبونەوەکەش دانانی دوو لیژنەیەی هاوبەشە، یەكێك لە لیژنەكان تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، پڕۆژەیەكی كارنامەی هاوبەشیش لەنێوانیان ئامادەكراوە بیدەن بە بەغدا.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2022، پارتی و یەکێتی کۆببنەوە بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، دەیانەوێ هەردوو لایەن لەناوخۆی هەرێمدا گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە.
دوێنێش مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پڕۆژەیەكی كارنامەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەكێتی ئامادەكراوە، لەسەر ئەو بابەتە جیاوازیمان نییە، بەڵام پێویستی بە نوێكردنەوەیە كارنامەكە بكەینە كارنامەیەكی كوردستانی، بۆ ئەوەی خاڵە گرنگەكانی لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەكانی بەشدار لە حكوومەت جێبەجێ بكەین.