101 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێپەڕی

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2022 ، 101 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەڕێت.

سوپایەک، کە بە درێژایی تەمەنەکەی مایەی ستەمبووە بۆ گەلی کورد، لە دوای 2003 و رووخانی رژێمی بەعس، ئومێدێک هەبوو ئەم سوپایە ببێت بە سوپایەکی نیشتمانی و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بپارێزێت. بەڵام، هەمان رێچکەی سوپاکانی پێش خۆی گرتە بەر و، بۆیەش کورد هیچ بیرەوەرییەکی خۆشی لەو سوپایە نییە. لە کاتێکدا یادی دامەزراندنی سوپاکە دەکرێتەوە، کە ئاڵۆزی و کێشە باڵی بەسەر عێراقدا کیشاوە، سوپا جڵەوی ئەرکی خۆی بەدەستەوە نییە و لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی دەستەوەستانە.

لە شەشی کانوونی دووهەمی ساڵی 1921، سوپای عێراق دامەزرا کە تازە لە ئیمپراتۆری شکستخواردووی عوسمانی جیاببۆوە و بەریتانیا سەرپەرەشتی دەکرد. لەوکاتەوە، ساڵانە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق یادی ئەم رۆژەیان کردۆتەوە. سەرجەم مەرگەساتی ئەنفال و کیمیاباران و ئەو نەهامەتییانەی کە نزیک بە سەدەیەکی رابردوو بەسەر کورددا هاتوون لەسەر دەستی سوپای عێراق بوون.

وێرانبوونی هەزاران گوند، دژایەتیکردنی شۆڕشی بارزان، ئەیلول، گوڵان، کۆمەڵکوژکردنی نزیک به‌ 200 هه‌زار کورد له‌پرۆسەی ئه‌نفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بەدەیان رووداوی دیکە، هەر لە لایەن ئەم سوپایەوە کراوە. دوایین بیرەوەریی کورد لە سوپای عێراق بۆ ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، کە دیسان بە هاودەستی هێزێکی ناوخۆیی و حەشدی شەعبی، تانکەکان جەستەی پاکی پێشمەرگەیان خەڵتانی خوێن کرد. هەر ئەو سوپایە چاوی بڕییە هەولێر و ویستی داگیری بکات، بەڵام لە پردێ لەگەڵ زەبری کوشندەی پێشمەرگە بەرەوڕوو بوو.

لە دوای ساڵی 2003، کە رژێمی بەعس رووخا و دواتر دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق داندرا، پێناسەیەکی نوێ بۆ سوپای عێراق کرا و هێزی پێشمەرگەش وەک هێزێکی کاریگەر دانی پێدانرا، کە پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و هاوشێوەی سوپای عێراق پاڵپشتی دەکرێت و خەرجییەکانی دابیندەکرێ. بەڵام، هەر زوو سوپای عێراق هەر لەسەر رێچکەی سوپای پێشوو کاری کرد و، مافەکانی پێشمەرگەش پێشێل کران و، دواجار روانگەی کورد بەرانبەر بە سوپای عێراق گۆڕانکاری بەسەردا نەهات.

لەدوای ساڵی 2003، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زۆرترین گرینگییان بە سوپای نوێ دا و بە میلیاردها دۆلار لە بوودجەی عێراقیان خستە بەردەم ئەم سوپایە و، چەک و چۆڵی پێشکەوتوویان بۆ کڕدرا. لەکاتێکدا، هێزی پێشمەرگە، کە بە گوێرەی دەستوور، بەشێکە لە سوپای نیشتمانیی عێراق پشتگوێ خرا و تەنانەت مووچە بڕاویش کرا.

سوپای نوێی عێراق، ئەوەندەی خزمەتی ئەجیندای شیعەی کرد، خزمەتی لایەنەکانی تری نەکرد. هەر ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی عێراق لە ساڵی 2014 تووشی کۆمەڵێک نەهامەتی تر ببێت، کە تەواوی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد. سوپای عێراق لە حوزەیرانی 2014 نەیتوانی یەک سەعات لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش بەرگری بکات و، هەرچی چەکوچۆڵیشی هەبوو کەوتە دەست داعش، کە دواتر داعش دژی پێشمەرگە بەکاری هێنا.

لە پرسی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، سوپای عێراق، لە جیاتیی ئەوەی بێلایەنی خۆی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بپاریزێت، چووە پاڵ سیاسەتێکی دیاریکراوی شیعە و مێژوویەکی رەشی تری بۆ خۆی تۆمار کرد.

 

Back to top button