ماستەرپلانی شاری هەولێر هەموار دەكرێتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی، لێكتێگەیشتنی هەمواركردنەوەكەیان واژوو كرد و جێگری سەرۆكی جایكا رايگه‌ياند: هەولێر توانیویەتی وڵاتانی ناوچەكە بەیەكەوە ببەستێتەوە. “
ئەمڕۆ یەكشەممە (9/1/2022) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژوو كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە، لە ڕووی شارسازی و چەندان سێكتەری گرنگەوە، دەچێتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، وەك لایەنی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە، باسی گرنگیی ئەم هەموارەی كرد، پاشان ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیدگە و پلانی نوێی بۆ ماستەرپلان و دیزاینی شارەكان ڕێكخستووە كە لەگەڵ پێداویستیی سەردەمدا بگونجێن. لەگەڵ دەسپتێكی كابینەكە و دوای بەدواداچوونمان بۆ گرفتەكانی تایبەت بە ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان و لەنێویشیاندا شاری هەولێر، دركمان بە چەندین گرفتی هەمەجۆر كرد و زانیمان كە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر پێویستییەكی لەپێشینەیە. دوای گفتوگۆی چڕ و هەماهەنگیی نێوانمان، ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای یابانی، ڕێككەوتنی (پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەناونیشانی تۆماری گفتوگۆكان) واژوو دەكەن.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا لەبارەی پلانی حكوومەت بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و پشتێنەی سەوز لە شارەكان، گوتی: خاڵێك كە بەلای حكوومەت و خودی جەنابی كاك مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت زۆر گرنگە، لایەنی ژینگەپارێزییە، بەشێكی ئەم پرۆژەیەش لە چوارچێوەی بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی جێبەجێ دەبێت، بۆیە بابەتی پشتێنەی سەوز بۆ شاری هەولێر یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی ماستەرپلان و لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە بایەخی زۆرتر بە ژینگەی شارەكە دەدەین، كە لە ڕووی جوانكاری، گەشتوگوزار و ئابووریشەوە بۆ هەولێر دەبێتە خاڵێكی تری وەرچەرخان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی زانیاری زیاتری لەبارەی پرۆژەكە خستەڕوو و گوتی: پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر، پرۆژەیەكی فرە ڕەهەندە و چەندین بواری دیزاین و شارسازی، ئابووری و كۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئاو و ئاوەڕۆ، شارەوانی، گەشتوگوزار، خۆڵ و خاشاك و جوانكاری لەخۆدەگرێت، ئەمەیش یەكەمجارە بڕیاری هەمواری ماستەرپلان دەدرێت كە گرنگی بە سێكتەرەكانی گواستنەوە، هاتوچۆ، كشتوكاڵ، ئاودێری، پیشەسازی، كارەبا، تەندروستی و چەندین بواری دیكە لە شاری هەولێر دەدات و شارەكە بەرەو پەرەپێدانی بەردەوام ئاراستە دەكات.
پاشان لە وتارێكدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی بە كارێكی گرنگ زانی، بەتایبەتی بەهۆی ئەو فراوانبوونەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دروست بووە، هەروەها سوپاسی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە هەستیان بە گرنگی ئەم كارە كردووە و خستوویانەتە ناو یەكێك لە پێشینەترین كارەكانیان.
دواتر ئۆزاكی ئایاكۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی جایكا لە عێراق، گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ڕای گەیاند،” بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی کە شاری هەولێر بووەتە ناوەندی تۆڕەکانی گواستنەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کە نەک هەر هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق بەیەکتر دەبەستێتەوە بەڵکوو وڵاتانی دراوسێش، لەبەرئەوە پێشبینی دەکرێت ڕۆڵی شاری هەولێر گرنگتر بێت. گەشەسەندنی شاری هەولێر دەبێتە هۆی سەقامگیریی هەرێم لەڕووی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا و شاری هەولێر شارێکی سەرەکییە لە بەرەوپێشچوونی ئابووری عێراق و ئەو گەشەسەندنەش دەبێتەهۆی ئەوەی کە پەرە بە بواری وەبەرهێنان بدرێت.
هەر لە گوتارەكەیدا گوتی: پاڵپشتیی بەهێز و هەوڵدانی جەنابی وەزیری شارەوانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بەرز دەنرخێنین ئێمە پێمان وایە بەرپرسانی وەزارەت و شارەزایانی جایکا بە شێوەیەکی ڕۆژانە وەک یەک تیم پێکەوە کار دەکەن، بۆ ئەوەی بە زووترین کات خەڵک سوود لە ئەنجامی پڕۆژەکە وەربگرن.
پاشان لە مەراسیمەكەدا، گرێبەستی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئۆزاكی ئایاكۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی جایكا لە عێراق واژوو كرا.

 

Back to top button