چۆن دەکرێ ئێزیدی کورد نەبن ؟

 

ئاسۆ حاجی

لە باوەڕی ئێزدیان هەموو شتێک بە کورد و کوردستانەوە گرێدراوە، لە میتۆلۆژیای دروست بوونی مرۆڤ و گەردونەوە تا مرۆڤ دەمرێ و دەگەڕێتەوە لای خوای خۆی و دەچێتە بەهەشت کوردایەتی هەر لێی نابێتەوە.

لە میتۆلۆژیای دروست بوونی گەردوون کە ( لالشا میهرانی ) نورانی خاڵی دروست بوونیەتی و هەوێنی مەینی زەوی و ئەستێرەکان و هەموو گەردوونە وەک لە قولی زەبوونێ مەکسور ( تێکستی پیرۆز ) دا هاتووە و دەڵێ:” پەدشێ من ل مەڕکەبێ دبوو سوارا ، پەدشایە و هەر چار یارا ، تێک سەیرین ل چار کنارا ، ل لالەش سەکنین و گۆتن ئەڤە هەق وارە ، هەق وارە و سەکنین ، هێڤێن هاڤێتە بەحرێ و بەحر مەیین ، دەخوانەک ژێ دوخنین ، هەر حەفت ئاسمان پی نژنین”.

ئەو لالەشەی کە بە فەرمانی خوا ( خۆدێ ) تاوسێ مەلەک دێ و لە خاکەکەی ( ئاخ ) ئادەم دروست دەکات و بە دەنگی دەف و شەباب (دەف و شمشاڵ)  ڕوح دەچێتە بەر جەستەی ئادەم و خوای پەروەردیگار بە زمانی کوردی قسەی لەگەڵ دەکات، دواتر هەر لە لالش ئادەم و حەوا بەیێک دەگەن و لەوێوە مرۆڤایەتی دەست پێدەکات.

لە باوەڕی ئێزیدیان زمانی لێپرسینەوەی دوای مردن کە لە بەر دەرگای شێخ ئادی لە پەرستگای لالش ئەنجامدەدرێت بە زمانی کوردیە و پاشانیش کە ئەو روحە ئازاد دەکرێ بچێتە بەهەشت لەوێش زمانی بەهەشت هەر کوردیە.

پێش نزیکەی هەزار ساڵ و لە فەرمانێکی لەشکری عوسمانی ئێزدی لە چیای شەنگال خۆیان دەگرنەوە لەژێر سەرۆکایەتی و میرایەتی شەڕفەدین و لەوێوە میر شەڕفەدین پەیامێک بۆ لالش و باعەدرێ دەنێرێ داوای لێدەکات کە خۆڕاگربن و ئێزیدیایەتی و میرایەتی هەر ماوە و بۆ یەکەمین جار وشەی کوردستان دەکەوێتە ناو ئەدەبیاتی کوردی کە دەڵێ:” خەبەرێ بدەنە کوردستانێ ، بلا قایم کەن ئیمانێ ، شەڕفەدین میرە ل جیهانێ “. شەڕفەدین کە برازای شێخ ئادیە و کوڕی شێخ حەسەنە لالشی پیرۆزی ڕوگەی هەموو ئێزیدیانی دونیا و باعەدرێ کە میرگە و خاڵی هێز و هەبوونی ئێزیدیخانێیە بە کوردستان ناو دەبات.

لە هەمان سەردەم و ڕەنگە بە چەند ساڵێکی زووتر شێخ فەخری ئادیا کە لە پیرۆزترین و بەهێزترین بنەماڵەکانی ئێزیدیانن کە پێیان دەگوترێ ( ئادانی ) قەولە پیرۆزەکانی ئێزدیانی کۆکردۆتەوە و لە فەوتان پاراستوونیەتی کە ئەو دەقە پیرۆزانە کە بەشێوازێکی ئەدەبی بەرز و بە زمانێکی پاراو زوڵاڵی کوردی نووسراون بە کۆنترین دەقەی ئەدەبی کوردی دادەنرێن کە تا ئێستا ماون چوونکە تەمەنیان نزیکەی هەزار ساڵە.

با لە کورتی لێی ببڕینەوە و بپرسین ئەوە ڕەسەنایەتی و بیر و باوەڕ و ئاین و خواپەرستی و ژیانی دونیایی و ئاخیرەتی ئێزدیان بێ کە ناتوانن نە لە کوردستان وەک نشتیمان و کورد وەک نەتەوە و زمان دوور بکەونەوە، چۆن دەکرێ ئێزیدی کورد نەبن ؟

Back to top button