وەزیری پەروەردە بڕیارێک بۆ وەرزی دووەمی خوێندن ئاشکرا دەکات
لە گەل دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم ، ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بڕیارێکی بۆ وەرزی دووەمی خوێندن ئاشکرا کردو ڕایگەیاند ، لە وەرزی دووەمیش خوێندن لە ناو پۆڵ دەبێت .
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، هۆڵی تاقیکردنەوەکانی یەکێک لە قوتابخانەکانیان لە سنووری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بەسەرکردەوە و لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا بەشداریان کرد .
.
وەزیری پەروەردە گوتی ،:”سوپاس بۆ خودای گەورە و بە هیمەتی هەموو لایەک، وەرزی یەکەمی خوێندن گەیشتە کۆتایی، ئەمڕۆش دەستپێکی تاقیکردنەوەکانە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار قوتابی لە قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی، هەڵسەنگاندن بۆ بازنەی یەکەم (پۆلی یەک، دوو و سێی بنەڕەتی) و تاقیکردنەوە بۆ قۆناخی 4ی بنەڕەتی تاوەکو 12ی ئامادەیی ئەنجام دەدرێت”.
سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی بە سەرقوتابخانەکەندا ئالان حەمەسەعید، رەتیکردەوە هیچ ناوەندێکی خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەبووبێت نەوتیان بۆ دابین نەکرابێت و دەڵێت، “سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار لیتری بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابینکردووە، بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دینار”.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئالان حەمە سەعید بە ئاماژەدان بە قەیرانەکان گوتی : “سەرەڕای قەیرانی دارایی، سیاسەتی حکومەت ئەوە بووە لەگەڵ دابینکردنی مووچە، بەردەوامییش بدات بە پرۆژەکان و کار لەسەر پرۆژە تەواونەکراوەکانیش بکات، لە ماوەی رابردوودا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی داوە بە خەرجکردنی بڕی زیاتر لە 16 ملیار دینار لەسەر تەواوکردنی 23 قوتابخانە، لە تەواوی پارێزگاکانی کوردستان”.