داهاتی یەك مانگی وەزارەتێك زیاتر لە 540 ملیۆن دینارە
خواكوڕك
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا پشت بەداهاتی ناوخۆی ببەستێت لە ئێستادا چەند وەزارەتێك پشت بە داهاتەكەیان دەبەستن لە دواهەمین راگەێنراویدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی یەك مانگی ئاشكرا دەكات كە زیاتر لە 540 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕاپۆرتی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2017ی بڵاو كردووە، لە خشتەیەك بۆ (١-١-٢٠١7 تاوەكو ٣١-١-٢٠١7) و كۆی تەواوی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەو وەزارەتە، بە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە.
لە خشتەكە هاتووە، داهاتی وەزارەت 546 ملیۆن و 880 هەزارە، هەروەها بڕی ئەو داهاتەی بە دینار و دۆلار دیاری كراوە و لە خشتەیەكی وردبینی بۆكراودا بڵاو كراوەتەوە ، داهاتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی و پۆستە و گەیاندن و گواستنەوەی زەمینی و هێڵی ترام وای و كەشناسی و بوومەلەرزانییە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری داوە مانگانە بڕی ئەو داهاتانە ئاشكرا بكات كە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بەو وەزارەتەی بە دەست دەهێنرێت، بە تایبەت هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی.